کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی گوڵان لە گوندی “قەزەڵئاخ”ی سەر بە شارەدێی ئەلەند لە شاری خۆی، ژنێکی لاو بە ناوی شێریڤان هادیزادە و تەمەن ٢٤ ساڵ، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی مستەفا هادیزادە، بە چەک کوژراوە.
بەپێی زانیاریەکان، ئەو ژنە لاوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە پاساوی شەرەف و هاوکات لەگەڵ ئامۆزایەکی شێریڤان بە ناوی حوسێن هادیزادە، کوژراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، “مستەفا هادیزادە”ی بکوژ، ئەندامی چەکداری سوپای پاسدارانی ڕژیمە و بە چەکی سوپا هاوژینەکەی و ئامۆزای هاوژینەکەی کوشتووە و تاکوو ئێستاش ناوەندەکانی ڕژیم ناوبراویان دەستبەسەر نەکردووە.
شایانی باسە کە ژنێکی دیکەی هەر خەڵکی ئەو گوندە بە ناوی مریەم سولەیمانی و تەمەن ٢٨ ساڵ، ڕۆژی ٢۵ی خاکەلێوە، بە پاساوی شەرەف لەلایەن باوکی و براکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.