فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کۆڵبەر لە ماوەی دوو حەفتەدا
شەممە ۲۷-۰۸-۱۴۰۲   |  18-11-2023

دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی بۆ شاری بانە، دەستڕێژ بۆسەر کۆڵبەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە زیادی کردووە و بە برینداربوونی شەش کۆڵبەری دیکە، تەنیا لە ماوەی دوو حەفتەدا لانیکەم ٣ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر، “فەرزاد حسێنی”، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئالیار”ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار بووە. هەر لەو شەودا “حەمیدڕەزا حافیزی”، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز و “سولەیمان ئەمینی”، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ئەو هێزانە هەر لەو سنوورە بریندار بوون و بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەتەوە. پێشتریش، واتە شەوی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، “بارزان عوسمانی”، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم دیسان لە سنووری هەنگەژاڵ بریندار بووە. هەروەها “دیاکۆ ڕەمەزانی”، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز و “حامید محەممەدزادە”، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئالیار”ی سەر بەو شارە، هەمان شەو لە سنووری هەنگەژاڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون. هەنووکەش باس لەوە دەکرێت کە باری تەندروستیی حامید محەممەدزادە ناجێگیرە.