بەگوێرەی هەواڵەکان کاتژمێر ٩ی بەیانی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی “پەیمان گەڵوانی” تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ بەهۆی لەخواربوونی ئاستی هۆشیاری و کەوتنە کۆما گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پەیمان گەڵوانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ بەهۆی لەهۆشچوونی و دابەزینی ئاستی هۆشیاری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گواسترابووەوە. شایانی باسە، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی گەڵوانیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بەهۆی “کەوتنە خوارەوەی لە بەرزایی” چووەتە کۆماوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە نزیکانی بنەمالەی گەڵوانی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، پەیمان هیچ چەشنە نەخۆشییەکی نەبووە و بنەماڵەی باوەڕیان وایە کە جگە لە ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت گیان لەدەستدانی پەیمانەوە بوونی نییە. پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مەهاباد بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران یاخود هەر چەشنە دادگاییکردنێک و ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدانییە.