ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز، سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەلەستین، لە راگەیاندراوێکدا ئاماری کوژرانی رۆژنامەنووسانی لە کەرتی غەززە راگەیاند، کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە کوژراون. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ٦٦ رۆژنامەنووس کوژراون، هەروەها دوو رۆژنامەنووس بێسەروشوێنن و ٣١ رۆژنامەنووسیش لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر کراون. لە راگەیەندراوەکەدا، سەندیکای رۆژنامەنووسان، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و فەڵەستینیەکان دەکات کە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ کاردەکەن، “بەدواداچوون و لێپێچینەوە بۆ ئەو تاوانانە بکەن کە لە لایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە”. رۆژی پێنجشەممە نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکرای كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس. هەروەها رۆژی هەینی، رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ٣٩ بەندکراوی فەڵەستینی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە زیندانی کرابوون ئازادکران، هەروەها ١٠ بارمتەی تایلەندی و بارمتەیەکی فلیپینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران. جێگای ئاماژەیە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتن و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل ١٥٠ ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥٠ ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە و هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.