بەپێی ڕاپۆرتەکان، لاوێکی خەڵکی گوندی “درویان”ی سەر بە شاری سەقز بە ناوی “موختار فەتحی”، بە هۆی “نووسینی دروشم”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە و ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاو بکرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕێبەندان، “موختار فەتحی”، لە کاتێکدا کە لەگەڵ دوو هاوڕێی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک ماڵەکەی خۆیاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی گەشتی کەلانتەری ١٢ لە شاری سەقز، چووەتە پاڵ ئۆتۆمبێلی موختار فەتحی و لە مەودای ٢ مەترییەوە تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و بە هۆی پێکرانی ملییەوە، گیانی لەدەست دا. شایانی باسە، ئۆتۆمبێلی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم خێرا ئەو شوێنەیان بەجێ هێشتووە و تەرمی موختار فەتحی لەلایەن خەڵکەوە بۆ نەخۆشخانەی “شەفا”ی سەقز گواستراوەتەوە.