کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم
پێنجشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۳   |  25-07-2024
بە پێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، “ئەحمەد تێرمەن” ٥٢ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرا. ناوبراو بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵەی کوڕەکەی لەگەڵ ئەندامێکی بەسیج بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەحمەد تێرمەن سەرەتا لە پێش ماڵەکەی لە گەڕەکی باغی سیسەی مەهاباد تەقەی لێ کراوە و دوای تێپەڕ کردنی ڕێگایەک لە دەوری مەلەوانگەی بەهمەن، کەوتۆتە سەر زەوی و لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقە لەسەری کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ناوبراو، ئەحمەد تێرمەن بە هۆی تێوەگڵانی کوڕەکەی بە ناوی چیا لەگەڵ ئەندامێکی بەسیج بە ناوی سرووش تەبەنجی لە ژێر چاودێریدا بووە.