کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەستی هێزەکانی ڕژیم
دوشەممە ۲۶-۰۴-۱۴۰۲   |  17-07-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “کانیپاشا”ی سەر بە ناوچەی بەمۆ لە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان، بە ناوی “قازی مستەفا عەلی” کە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگری چیای بەمۆ چوو بووە ئەو ناوچەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.
بە وتەی بنەماڵەی قازی مستەفا عەلی، ئەم هاووڵاتییە لە قووڵاییی زیاتر لە کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کوژراوە و دواتر تەرمەکەی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بۆ نەخۆشخانەی “حسێن”ی شاری کرماشان گواستراوەتەوە. شایانی باسە، تەرمی ناوبراو ڕۆژی یەکشەمە ٢٥ی پووشپەڕ لە کرماشانەوە بۆ هەڵەبجە گەڕێندراوەتەوە.