لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکرایەوە، هاتووە: لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ١٠٤ ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهان کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان لە غەززە بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەز بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: لە ماوەی ئەمساڵدا ٥٤ ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان کوژراون کە یەک لەسەر سێی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سپای ئیسرائیل لەمساڵدا ١٨ ڕۆژنامەنووسی کوشتووە، کە ١٦یان لە غەززە و دوو ڕۆژنامەنووسیش لە لوبنان بووە. ئەم ڕێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە فەلەستین، مەترسیدارترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەو پێیەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان زیاتر بووە لە هەر ولاتێکی دیکە.