ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا، بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و سەخت تربوونی باری گوزەران و لێکەوتەکانی لەباری دەرەوونییەوە، لانیکەم ٩ ژن لە لایەن هاوژین، برا، بنەماڵە و کەسوکاریانەوە کوژراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، “سارا ئابدار” تەمەن ٣٥ سال و خەڵکی کۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەد، لە لایەن هاوژینەکەیەوە بەناوی یوسف خازەنی بە لێدانی چەقۆ کوژراوە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە شاری تاران، بەدەستی هاوژینەکەی بەهۆی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن “کێشە بنەماڵەیی” لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەسڵەحە کوژراوە. هەر لەم پێوەندەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، کچێک لە شاری تاران لە لایەن براکەیەوە بە لێدانی “قەندشکێن” بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا. ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەریش، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە لایەن هاوژینەکەیەوە بەهۆی ئەوشتەی کە ناوی دەنێن “کێشەی کۆمەڵایەتی” لە شاری تاران کوژرا. جێگای ئاماژەیە، هەر لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا، پێنج قەتڵی دیکە هەر بەم شێوەیە لە شاری تاران ڕوویداوە.