بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ١٧ی سەماوەز، “ڕۆیا ئەمینی” تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی “هەنگەرەوان”ی سەر بە ناوچەی سێرۆی شاری ورمێ، لە لایەن خەزوورەیەوە بە ناوی سەرباز بادووزادە، کوژراوه.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆیا ئەمینی لە گوندی “کورانە”ی سەر بە ناوچەی سیلڤانای ورمی بە سێ گوللەی چەک لە لایەن خەزوورەیەوە کوژراوە. دوای کوشتنی ئەو ژنە لاوە، تاوانبارەکە شوێنی تاوانەکەی بەجێ هێشتووە و هەڵهاتووە و هەروەها تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری کوشتنی ئەم ژنە کە بووەتە قوربانی توندوتیژیی بنەماڵەیی، لە بەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، سیاسەتی گشتیی تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر پرسی توندوتیژی بنەماڵەیی و ژن کوژی، پشتیوانی کردنە لە سیستەمی پیاوسالاری. ئەم سیاسەتە، جیا لەوەی کە توندوتیژی بنەماڵەیی بە تاوان پێناسە ناکات و سزادان لەم بوارەدا هیچ پێناسەیەکی ڕوونی نییە، سەبارەت به توندوتیژی لەسەر ژنان و بەتایبەت توندوتیژیی بنەماڵەیی هیچ سزایەکی ڕوون نییە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی تەشەنەسەندن و ئاسایی بوونەوەی تاوان دژی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا.