فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی ژنێکی لاو لە سەردەشت لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە
هەینی ۱۴-۰۷-۱۴۰۲   |  06-10-2023

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی ڕەزبەر، ژنێکی لاو بە ناوی شەهین ئیبراهیمزادە، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی “گەوەلان”ی سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن باوکی بە ناوی غەفوور و مامی بە ناوی هەژار، بردراوەتە دەرەوەی گوندەکەیان و دواتر بە شێوەیەکی وەحشیانە کوشتوویانە.  بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەو ژنە لاوە سەرەتا لەلایەن ئەو دوو کەسەی بنەماڵەکەیەوە خنکێندراوە و دواتریش چەند جارێک بە چەقۆ لێیان داوە. شەهین چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرەڕای دژایەتیی باوکی لەگەڵ پیاوێکی دڵخوازی خۆی ژیانی هاوبەشیان پێک هێنابوو، بەڵام دوای دوو ساڵ ژیانی هاوبەش لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی و باوکی.  شەهین ئیبراهیمزادە جارێکی دیکە داواکاری هەبووە و هاتوونەتە خوازبێنی، بەڵام بە گومانی ئەوەیکە لەگەڵ داواکارەکەی پەیوەندییان هەبووە، لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژراوە.  تەرمی ئەو هاووڵاتییە بۆ پزیشکیی دادوەریی شاری ورمێ گواستراوەتەوە تا توێکاری پزیشکی بۆ بکرێت.  بەپێی ئامارەکان لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای کوژرانی ئەو ژنە لاوە، دوو کچی مێرمنداڵی دیکە بە ناوەکانی هایدە حەسەنزادە، تەمەن ١٦ ساڵ و فاتمە محەممەدپەناهی، تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری سەردەشت، بە پاساوی ئەوەی پێی دەوترێت “نامووس و شەرەف” کوژراون.