پازدەهەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی “بریکس” کە پێکهاتوون لە بەرازیل، ڕووسیا، چین، هیندستان و باشووری ئەفریقا لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە ٣١ی مانگی گەلاوێژ تا ٢ی مانگی خەرمانان لە شاری جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو. ئەوان لەسەدا ٤٢ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٢ پشکی خۆیان لە بەرهەمێنانی ناوخۆیی لەئاستی جیهاندا بۆ ٢٦% بەرزکردووەتەوە. لەو ماوەیەدا ٢٣ وڵاتی جیهان داوایان کردووە کە بچنە ناو ئەم گرووپەوە. ڕێبەرانی بریکس، لەو نێوەدا لەگەڵ پەیوەست بوونی عەرەبستانی سعوودی، ئێران، ئیمارات، ئارژانتین، میسر و ئێتیۆپی موافقەتیان کرد. سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور لە وتاری دەستپێکیدا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەندامی “بریکس خوازیاری بەشداربوون لە شکڵدان بە دینامیزمی جیهانی و هەبوونی دەورونەخشی چارەنووسساز لەبواری ئابووری و پەیوەندی نێونەتەوەیین”. ئەگەرچی سەرۆککۆماری چین و ڕووسیا هەوڵیان دا کە بڵێن ئەم بلۆکبەندییە لە بەرامبەر بلۆکبەندییەکانی دیکەدا نییە، بەڵام بێگومان ئەم یەکیەتییە بەشوێن ئەو بەرژەوەندانەوەیە کە دەکەوێتە بەرامبەر بەرژەوەند و قازانجی ئەمریکا و یەکیەتیی ئەورووپاوە. ئەم بابەتە بە سادەیی لە بڕیارە نیزامی و ئابوورییەکانی ئەمریکا، ئەورووپا، ناتۆ، ژاپۆن، کۆرەی باشوور و ئوسترالیا لە کۆبوونەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لەدوای دستپێکی شەڕی نیابەتی لە ئۆکراین دەبیندرێ.
شەڕی ئۆکراین بەدەر لە هەموو ئاکام و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیاردها کەس لە خەڵکی باشوور، هاوکات ڕەوتی شکڵگرتن و سەقامگیرکردنی جەمسەرە تازەکانی خێراتر کردەوە. بەپێچەوانەی تەسەوری دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا کە خۆیان لە ناوەندی ئاڵۆگۆڕەکانی جیهاندا دەبینن و گۆیا هەموو وڵاتانی باشوور دەبێ خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ستراتێژیکی ئەوان هاوئاراستە بکەن، جیهان دەمێکە بەرەو پێکهێنانی جەمسەرە تازەکان حەرەکەتی کردووە و وڵاتانی باشوور چیتر خۆیان لە قامەتی کۆلۆنییەکانی جیهانی ڕۆژاوادا نابینن. پەیمانی شانگهای، گرووپی بریکس، یەکیەتیی وڵاتانی ئەفریقا و یەکیەتیی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و کارائیب بەشێک لەم جەمسەرە تازانەن کە هاتوونەتە مەیدانی هاوکێشە جیهانییەکانەوە. لەبواری ئابوورییەوە بە ڕوونی دەبیندرێ کە ئەم قوتبە تازانە سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستە گەورانەی کە لەسەر ڕێیانە، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێژمۆنیخوازیی ئەمریکا لەڕێگەی دۆلارەوە، بەرەو پێکهێنانی ئەو مێکانیزمانە حەرەکەت دەکەن کە جێگەی دۆلار بگرێتەوە. هەربۆیە لەم پێوەندەدا سەرۆکی بەڕازیل ڕایگەیاند: “زۆر گرنگە جیهان پشت بە دراوێکی دیاریکراوی وەک دۆلار نەبەستێت”. سەرۆککۆماری هێند تەئکیدی لەسەر ئەوە کرد کە: „لەبارودۆخی ئێستادا کە جیهان لەگەڵ کێشەی بەرینی ئابووری و تەشەنوجاتی نیزامی بەرەوڕووە، بریکس ڕۆڵێکی گرنگی پەیداکردووە”. بەڵام بێگومان هەموو ئەندامانی یەکیەتیی “بریکس” وەزنێکی یەکسانیان نییە. لەحاڵێکدا کە چین وەک دووهەمین دەسەڵاتی ئابووریی جیهان بەرژەوەند و کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەفریقای باشوور وەک لاوازترین ئاڵقەی ئابووری ئەم یەکیەتییە، لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدایە.
لەڕاستیدا ڕووسیا و چین بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە لەگەڵی بەرەوڕوون پێویستییان بە هاوپەیمانە. ڕووسیا لە کاتی هێرشی بۆسەر ئۆکراینەوە لەگەڵ ناتۆ، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا کەوتووەتە ناو شەڕێکی نیابەتییەوە. ئەویکە لەو شەڕەدا بۆ ناتۆ گرینگە نەک چارەنووسی ئۆکراین، بەڵکوو شکستی کامڵی ڕووسیایە. بۆ ئەمریکا شکستی ڕووسیا نەتەنها بەمانای کۆتایی هێنان بە نفووزیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکوو بەمانای لاوازکردنیەتی تا ئاستێک کە نەتوانێ لە ڕەقابەتی ئابووری لە ناوچەی پاسیفیک بەقازانجی چین دەخاڵەت بکات. ئەگەرچی ئەورووپا ناتوانێ لە بازاری چین چاوپۆشی بکات، بەڵام لە جەریانی شەڕی نیابەتی لە ئۆکراین ئەمریکا توانی تا ڕادەیەکی زۆر هێژموونی لەدەستچووی خۆی بەسەر ئەوروپادا بنیات بنێتەوە.
چین لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ بوونی بە دووهەمین دەسەڵاتی ئابووریی جیهان توانیویەتی ببێتە بەهێزترین وەبەرهێنەر لە قارەی ئەفریقا و پاشەکشە بە ئەورووپا بکات. لەحاڵێکدا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ تەنها فەڕانسە نزیک بە نیوەی بازاڕی وڵاتانی ئەفریقایی لە ئیختیاردابوو، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چین بەتایبەت لە نیوەی دووهەمی سەرۆککۆماریی ترامپ لە ئەمریکا وەک شەڕێکی تیجاری دەستیپێکرد. بایدێن نەتەنها درێژەی بەم سیاسەتە دا بەڵکوو لەڕێگەی ڕێفۆرم لە بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە کە لە ئەساسدا تابعی سیاسەتەکانی ئەمریکان، هەوڵی داوە ئامرازی دیکە لەم شەڕە تیجارییەدا دژبە چین بەکار بێنێت. بایدێن ڕایگەیاندووە کە پێشنیاری ڕێفۆرم لەم دوو دامەزراوە ماڵییەی جیهان لە کۆبوونەوەی “جی بیست” کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە هێند بەڕێوەدەچێت، گەڵاڵە دەکات. سالیۆن ڕاوێژکاری ئەمنیەتیی بایدێن ئامانجی ئەم ڕێفۆرمانەی “بەهێزکردنی توانای ماڵیی سندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی “ڕایگەیاندووە و وتوویەتی کە لەم ڕێگەوە پێویستە “بەربەست بخرێتە سەر ڕێگای سەرمایەگوزاریی بەدیل، کە زیاتر لەلایەن چینەوە بەڕێوەدەچێت”. هەروەها لە درێژەدا دەڵێ: پێویستە ڕێگاچارەگەلێک بۆ نیازەکانی سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی لەحاڵی گەشە بەلەبەچاوگرتنی (ڕێگای هاوریشم)ی چین بدۆزرێتەوە“. ئەو بەڵێنی داوە کە ئەمریکا ئامادەیە لەپێوەند لەگەڵ ئەم ڕێفۆرمانە بڕی ٥٠ ملیارد دۆلار وام بخاتە ئیختیار ئەم دوو ناوەندە ماڵییە بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتانە کە ئاستی داهاتیان مامناوەندە و هیوادارە کە هاوپەیمانانی ئەمریکاش لەم بابەتەدا هاوکاری بکەن”.
بێگومان بەرەنگاربوونەوە و ڕەقابەتی ئەم جەمسەرە گەورانەی سەرمایەداری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جیهان زیاتر بەرەو نائارامی دەبات. ئەگەر ئینحساراتی نێونەتەوەیی و کۆمپانیاکانی چەکسازی براوەی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوون و کێشمەکێشانەن، دۆڕاوەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە لەئاستی جیهاندا کە دەبێ بە ئاکامەکانی هەژاری و تەنگدەستی، وێرانیی شەڕە نیابەتییەکانیان، لەناوچوونی ژینگە، ئاوارەبوونی ملیۆنی و بە تەنگەبەرتربوونی هەرچی زیاتری فەزای هەناسەکێشان تاوانەکەی بدەن.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە