کۆبوونەوەی ساڵانەی پەیمانی جەنگیی ناتۆ لە ڕۆژانی بیست و هەشت تا سیی مانگی ژوئەن، بەرابەر لەگەڵ حەوت تا نۆی مانگی پووشپەڕ لە مادریدی پایتەختی سپانیا بەڕێوەچوو. هەر لە پێشترەوە مەعلووم بوو کە ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆبوونەوەکانی سێ دەیەی ڕابردووی ناتۆ جیاواز دەبێت. چاوەدێرانی سیاسی لەبیریانە کە سێ ساڵ لەمەوبەر ترامپ ناتۆی مەنسووخ ڕاگەیاند و مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە وتی کە ناتۆ تووشی مەرگی مەغزی بووە. بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە، ناتۆ لە مەرگی مەغزی نەجاتی بووە و وەک پەیمانی جەنگی خۆی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕەقیبەکانی ئامادە دەکات. لە ڕۆژی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا گەڵاڵەیەکی گەورە و ستراتێژیک پەسند کرا. ناوەرۆکی ئەم گەڵاڵەیە درووستکردنی “مۆدێلێکی نوێ لە هێزی نیزامی”یە کە بۆ دەخاڵەتی خێرا و ڕووبەڕووبوونەوەی بەرین ئامادە بێت. بەشی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی هەرچی زیاتری باڵی ڕۆژهەڵاتی ناتۆیە. هەروەها ئەندامیەتیی فینلاند و سۆئێدیش پەسندکرا. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تورکییە تا دوایین ڕۆژ بەرامبەر بە ئەندامیەتیی فینلاند و سۆئێد دژایەتیی کرد و ڕەزایەتی خۆی بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە گرێ دا بوو. دەوڵەتانی سۆئێد و فینلاند لە هەمان شەوی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند کە ئامادەن مەسەلەی تیرۆریست بوونی کەسانێک کە تورکییە داوای کردوون هەڵسەنگێنێت. هەروەها ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ تورکییە لەسەر پێکهێنانی مێکانیسمێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم و جەنایاتی ڕێکخراو بە ڕێکەوتن گەیشتن.
بایدێن بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی باڵی باکووری ناتۆ، باسی لە ناتۆئیزە کردنی ئەرووپا کرد. لەم گەڵاڵە تازەیەدا، ڕووسی وەک دوژمنێکی گرینگ و مەترسیدار ناوی لێبراوە و بەپێچەوانە دوایین گەڵاڵەی پەسندکراوی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی بۆ یەکەم جار چین وەک هێزێکی “بەرهەڵستکار”ی “ئەمییەت و بایەخەکانی ڕۆژاوا” باسی لێکراوە. بەپێی “مۆدێلی نوێی هێزی نیزامی”، نووژنکردنەوەی بەرینی پێکهاتەی نیزامی دەخرێتە دەستووری کارەوە. ئەگەر هەتا ئێستا هێزی زەربەتیی ناتۆ چل هەزار کەس بوو و دەبوایە بە لانیزۆرەوە لە ماوەی سی ڕۆژدا ئامادە بوایەن، ئێستا ئەم هێزە بۆ سێسەد هەزار کەس زیاد کراوە و دەبێت خۆی لە مەودای زەمانیی دە تا پەنجا ڕۆژدا ئامادە بکات. بۆ خێرایی بەخشین بە عەمەلیاتی ئەم هێزە زەربەتییە هەر کام لە دەوڵەتانی ئەندام پێویستە هێزێ زەربەتیی خۆیان لە وڵاتێکی دیاریکراوی ئەندامی ناتۆ بەکار بێنن. بایدێن ڕایگەیاند کە سەربازانی ئەمریکایی جێگیر لە ئەورووپا تا سەد هەزار کەس زیاد دەکرێن. هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی هێزە نیزامییەکانی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ناتۆ بەرەو “بەرپرسایەتیی جیهانیی ڕابردووی خۆی” و بەرەو “شەڕی ساردی دووهەم” لە حەرەکەت دایە. زۆرێک لە سەرانی دەوڵەتەکان باسیان لە “بایەخە هاوبەشەکانی ناتۆ” کرد. وڵام بە خواستەکانی ئەردۆغان و چاوپۆشی کردن لە هێرشە بەردەوام و بەرینەکانی ئەرتەشی تورکییە بۆسەر باکووری عێراق و سووریە، جەوهەری واقعیی بەناو “بایەخە هاوبەشەکان” نیشان دەدات کە شەو و ڕۆژی تەبلیغی بۆ دەکەن. لەڕاستیدا ئەوە ئەمنییەتی خەڵکی کوردستانی سووریە و تورکییەیە کە لە یەکەمین هەنگاودا دەبێتە قوربانیی گەورەتربوونەوەی ناتۆ بە پەیویست بوونی سۆئێد و فینلاند. دیارە ئەدۆغانیش بە چرای سەوزی ناتۆوە، دەستی بۆ سەرکوتی نەیارانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوە و بۆ بەرزەفڕییەکانی لە ناوچەکە ئاواڵەتر دەبێتەوە. هەر ئەم “بایەخە هاوبەشان”ەیە کە ڕێگە بە ناتۆ و یان ئەندامانی دەدات کە لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەناو تیرۆریسم و بۆ ئازادیی ژن، تانوپۆی وڵاتانی لیبی، سووریە، عێراق و ئەفغانستان لێکهەڵوەشێنن و بیانکەنە مەیدانی ڕمبازێنی جەرەیاناتی ئیسلامی و هاوکات شەڕی نیابەتی لەلایەن دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە سازمان بدەن.
ئێستا بۆ جارێکی تر ڕۆژاوا باس لە چوونە ناو قۆناغێکی دیکە لە “شەڕی سارد” و “بەرپرسایەتیی جیهانیی ڕابردوو”ی ناتۆ دەکات. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە لەژێرناوی شەڕی سارد، داغترین شەڕەکان لەلایەن ئیمپریالیسمی ئەمریکا و یەکەمین وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە هەڵگیرسان. شەڕ لە یوونان، کۆرە، هێند و چین، فیلیپین، و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقایی نموونەیەکن لەم شەڕە داغانە کە لە دەورەی “شەڕی سارد”دا بوون. لەڕاستیدا شەڕی سارد تەنیا ئەفسانەیەک بوو کە پشتی بەم ئیدیعا درۆیینەوە بەستبوو کە گۆیا دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، شەڕە نیزاییەکان کۆتاییان هاتووە و قۆناغێکی نوێ لە کێشمەکێش لەنێون “جیهانی ئازاد”ی ڕۆژاوا و بلۆکی ڕۆژهەڵات”دا دەستی پێکردووە.
ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ناتۆ بەوتەی “برژینسکی” ڕاوێژکاری تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکانی جانسۆن و دواتر ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی کارتێر، چ لە کاتی پێکهێاتن و چ ئێستا کە بە پەیوەستبوونی سۆئێد و فینلاند بووەتە سی و دوو وڵات، “گرتنەوە و بەهرەوەرگرتن لە ئەورووپا و بەتایبەت ڕووسیەی ژێر ڕێبەریی ئەمریکا”یە. ئەمە تەنیا ئەفسانەیەکە کە دەڵێن ناتۆ “بەرهەمی شەڕی سارد”ە. لەڕاستیدا پەیمانی ناتۆ بەرهەمی ئیمپریالیسمی ئەمریکایە بۆ وڵامدانەوە بە پێویستیی پەرەپێدانی نفووزی خۆی کە ئیدەی پێکهێنانی تەنانەت بەر لە شەڕی دووهەمی جیهانی لە نێوان ستراتێژیستەکانی ئەم وڵاتەدا باسی لێ کراوە. پێکهاتنی “یەکیەتیی ئەورووپا” کە زۆربەی ئەندامانی ئەوەڵییەی ئەندامانی ئەوەڵییەی ناتۆ بوون، ڕێگای بۆ ئیمپریالیسمی ئەمریکا بۆ گرتنەوەی ئەورووپا هەموارتر کرد و یەکیەتیی ئەورووپا بوو بە کاناڵێک بۆ پەیوەستبوونی ئەم دەوڵەتانە بە ناتۆ. ئەم بابەتەمان بەتایبەت دوای لێکهەڵوەشانی بلوکی ڕۆژهەڵات بینی. لانیکەم ١٤ وڵاتی ئەندامی پەیمانی ورشۆ لە ماوەیەکی کورتدا بوون بە ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا و دواتر بوونە ئەندامی پەیمانی ناتۆ. و لەم ڕێگەوە ناتۆ بە بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی بۆ گەمارۆدانی ڕووسیە لە باکوور و ڕۆژهەڵات گەیشت. فشاری دەوڵەتی ئۆکراین بۆ پەیوەستبوونی بە یەکیەتیی ئەورووپا درووست لەم ڕوانگەوە قابیلی تەوزیحە. لە ڕاستیدا ورگرتنی ئەم وڵاتە لە کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئەورووپا وەک کاندیدی ئەندامیەتی یەک ڕۆژ بەرلە کۆبوونەوەی ناتۆ، وڵامێک بوو لە خزمەت ئەم بابەتەدا.
ئەگەرچی ناتۆ بە ڕواڵەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە شەڕی ئۆکرایندا بەشدار نییە بەڵام لەڕێگەی دەوڵەتانی ئەندام و بە ناردنی میلیاردها چەک لەم شەڕەدا بەشداری کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند کە “ناتۆ ئامادەیە ساڵەها پشتیوانیی خۆی لە ئۆکراین دژبە ڕووسیە درێژە پێ بدات”. دیارە ئەم هەڵوێستانە هەڵوێستی ئەمریکایە و ئەوەش ئامادەکارییە بۆ پەسندکردنی ملیاردها دۆلار یارمەتی بۆ ئۆکراین لە کۆنگرەی ئەمریکادا. هەڵبەت پووتینیش دەستبەجێ ڕایگەیاند کە “ئەگەر کەسێک بیهەوێ لە دەرەوە دەخاڵەت لە ڕووداوەکانی ئۆکرایندا بکات، دەبێ بزانێت کە کاردانەوەی ڕووسیە دەستبەجێ و خێرا دەبێت”.
لەئێستادا بەدەر لەوەیکە ئەم شەڕە سەرەنجام چیی بەسەر دێت و لە حاڵێکدا کە لایەنەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە، جیهانییان لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووە، بێگومان وڵامی درووست لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە، لایەنگری لەم یان لەو جەمسەری ئیمپریالیستی نییە و ئەو هەڵوێستە تەنیا هاوئاراستە بوونە لەگەڵ سەرمایەداری و دژبە بەرژەوەندی ملیۆنان کەس لە کرێکاران و خەڵکی جیهانە. کەوابوو لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە تەنیا وڵامی درووست چ لە ڕووسیە، چ لە ئۆکراین، چ لە وڵاتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا و چ لە چین تەنیا و تەنیا دەتوانێ هەڵگرتنی بەدیلی سۆسیالیستی بەرامبەر بە بەدیلی ناسیۆنالیستەکان و فاشیستەکان، بەرامبەر بە بەدیلی ناتۆ و مسکۆ بێت. نابێ لەبیر بکرێت کە ئەرکی کۆمۆنیستەکان چ لە بلۆکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و چ لە ڕووسیە ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداران و ئەم شەڕەنگێزانەیە لەناو سنوورەکانی خۆیاندا.