کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە پەروەردەکاران لەگەڵ بنەماڵەی سلێمان عەبدی
یەکشەممە ۱۳-۰۱-۱۴۰۲   |  02-04-2023
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە پەروەردەکارانی خەڵکی شاری بانە لە ماڵی “سلێمان عەبدی” ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان ئامادە بوون.
لەم کۆبوونەوەدا، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە درێژەی دەستبەسەرکرانی سلێمان عەبدی،جەخت لەسەر ئازادکرانی خێرا و بێشەرت و مەرجی ناوبراو لە زیندان کرایەوە. جێگەی ئاماژەیە، سلێمان عەبدی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی پارەکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیەتی شاری سنە ڕاگوێزرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم ئەندامەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبەر دەستدا نییە.