قۆناغی هەشتەمی دانوستانە ناوەکییەکان لە ڤییەن، پایتەختی ئۆتریش پاش یەک کاتژمێر ڕاگیرا و بەشی زۆری دانوستانەکان خرایە پشتی پەردەوە و بەخاوی بەڕەوپێش دەچێت. هەیئەتەکانی دانوستانکاری فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، ڕووسیە، چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای کاری پتەوی چەند ڕۆژە هێستا نەیانتوانیوە بەردێک کە هەیئەتی چل کەسیی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی حەوتەمی دانوستانەکاندا خستییە ناو چاڵەوە، دەری بهێننەوە. وتەکانی میخائیل ئۆلیانۆف، دانوستانکاری ڕووسی دەرخەری ئەم واقعییەتەیە. ناوبراو دەڵێت: “دانوستانکارانی ئێرانی لە سەرەتای قۆناغی حەوتەمدا چەند هەڵەیەکیان کرد کە خاڵی هیوابەخشی نەهێشتەوە”. لەئێستادا هەموو هەیئەتە دانوستانکارە ئەورووپاییەکان هەوڵ دەدەن کە هەمان دەقی پێشنووسی ڕێکەوتنەکانی قۆناغی شەشەمی دانوستانەکانی ڤییەن لە سەردەمی دەوڵەتی ڕووحانی، بە بڕێک وشە بڕازێننەوە و کۆماری ئیسلامی ناچار بە قەبووڵکردنی بکەن.
ئەگەرچی پێداگریی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوەیکە پاروو لە پشت سەریانەوە بخەنە زاریانەوە و لەگەڵ ئەمریکاییەکان نەڕۆنە پای دانوستانی ڕاستەوخۆوە، ڕەوتی دانوستانەکانی دوورودرێژ کردووەتەوە، بەڵام یەکێک لە دەستکەوتەکانی یەکدەستکردنی سێ دەزگاکەی دەسەڵات لە دوایین شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران ئەوە بووە کە ئەمجارەیان کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەیی بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیدایەتی تیمی دانوستانکاری ڕژیمیان لە ڤییەن بەدەستەوەیە. لە حاڵێکدا کە ڕەئیسی سەرقاڵی سەفەری ئۆستانی و دانی وادە و بەڵێنی بێ ناوەرۆک بە خەڵکی وەگیان هاتوو لە هەژاری و فەلاکەت و بێ ئاوییە، خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپا لە هەوڵی ئەوە دان کە سازانێکی سەرشۆڕانە لەبەرچاوی بیروڕای گشتی سازانێکی قارەمانانە بنوێنن. ئیتر ڕووحانی و زەریف لە گۆڕێدا نین تا هەموو کاسە و کوزەکان لەسەری ئەواندا بشکێنن. لەئێستادا هەڵوێستی توندی ڕابردوو سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان وەک کوتک لەسەری خامنەیی و سپا دەدرێت. ئەوە خامنەیی بوو کە پاش چوونەدەرەوەی ترامپ لە ڕێکەوتنی بەرجام وتی: “دانوستانەکانی بەرجام هەڵە بوون. سەبارەت بە تەوەری دانوستانەکان من هەڵەم کرد و لەبەر پێداگریی چەند کەسێک، ئیزنی تاقیکردنەوەم دا، کە هەڵبەت لە هێڵە سوورە دیاریکراوەکانیش تێپەڕین”. خامنەیی و ڕێبەریی سپا چۆن دەتوانن ڕێکەوتنێکی نزمتر لەو ڕێکەوتنە ئەنجام بدەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار داڕێژەرانیان بە خۆبەدەستەوەدان و خەیانەت تۆمەتبار کردووە؟ باسکی میدیایی و تەبلیغیی ئەوان چۆن دەتوانن ئەم پاشەکشە سەرشۆڕانەیە وەک توانا و ئۆتۆریتە نیشان بدەن؟
بەر لە دەستپێکی قۆناغی حەوتەم، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا بە ئیدیعای وەرگرتنەوەی زۆرمەندانەی نەوتکێشی ئێرانی لە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای عۆممان، بە بەرزکردنەوەی دووبارەی درووشمی مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا، بە ماجەراجوویی لە عێراق، بە ئەنجامدانی پەیتا پەیتای مانۆڕی نیزامی و بشێوی درووست کردن لە سنوورەکان و گرتنی ژێستی ئەهلی سازان نەبوون، بەستێنی دەروونیی گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان ئامادە بکات. لەئێستادا مێزی دانوستانەکانی ڤییەن بووەتە مەیدانی نومایشی ئەم ئۆتۆریتە پووچ و بێ ناوەرۆکە. خافڵ لەوەیکە ڕژیمێک کە لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری حکوومەت دەکات، ناتوانێ سەرچاوەی ئۆتۆریتە بێت. هەیئەتی دانوستانکاری ڕژیم نە تەنیا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی گشت گەمارۆکانە، بەڵکوو خوازیاری ئەوەشە کە بەرلە گەڕانەوەی خۆی بۆ بەڵێنە ئەتۆمییەکان، ڕاستی و درووستیی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان تاقی بکاتەوە و لایەنەکانی ڕۆژاواش ئەو زەمانەتە بدەن کە لە داهاتوودا لە ڕێکەوتی بەرجام ناڕۆنە دەر. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بەشێک لە گەمارۆکان و بەشێوەی دیاریکراو چوارسەد نموونە لە گەمارۆکانی سەردەمی ترامپ لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە و بەرنامەی مووشەکیی ڕژیمی کۆماری ئسیلامی داسەپێندراون.
بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆچی لە وەها گێرە و کێشەیەکدا گرفتار بووە؟ لەڕاستیدا بەرنامەی ناوەکی و گەورەکردنەوەی و دەستتێوەردانە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئامانجی وەدەستهێنانی پێگەی باشتر لە نوێ کردنەوەی ئارایشی ئیمپریالیستیی ناوچەکە، هەم وەک بنەمای ستراتێژی “هێرشی بەرگرانە” و هەم وەک ڕێگایەک بۆ چوونەدەرەوە لە بنبەستی ئابووری، لەگەڵ شکست بەرەڕوو بووەتەوە. زێدەخوازیی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئابووریی ئیفلاس هێناوی یەک ناگرێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە دەستتێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی عێراق و لۆبنان لەگەڵ کۆسپی ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرەوڕوو بووەتەوە. کارگێڕانی دەوڵەتی ڕەئیسی هەر لەم ماوەیەدا زۆر جار باسیان لە مەترسیی ئیفلاسی ئابووری کردووە. پانتایی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێبەشییە کۆمەڵایەتییەکان لەتاقەت بەدەرن و لەسەر بەستێنی ئەم باروودۆخە بابەتییە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی هەموو بەربەستە یاساییەکان و تا ڕادەیەک لەمپەری سەرکوتیان وەپشت سەر ناوە. ئەوە نەک گیان سەخت بوونی هەیئەتە دانوستانکارەکانی ڕۆژاوا، نەک هەڕەشە و شەڕی ڕەوانیی ئیسرائیل، بەڵکوو هەر ئەم بنبەستە ئابوورییە و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری و شکستی سیاسەتە ناوچەییەکانە، کە گەرووی کۆماری ئیسلامیی لە دانوستانە ناوەکییەکانی ڤییەندا دەگوشن.
لە وەها باروودۆخێکدا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بەربەستانەی کۆماری ئیسلامی، ئامرازی سەرەکیی گوشاری ڕژیم لە دانوستانە ناوەکییەکاندا، پیتاندنی ئۆرانیۆمە. کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە چوونەدەرەوەی ترامپ لە بەرجام، چوارچێوەی بەربەستە دیاریکراوەکانی بەرجامی لە نەتەنز و فۆردۆ تێپەڕاند و زۆر جار ڕایگەیاند کە چەند دە کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەد پیتێندراوی لە ئیختیار دایە. بێجگەلە ئەوەش، واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ستراتێژیکی درێژماوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چین و ڕووسیە و تا ڕادەیەک هاوئاراستەیی تیمی دانوستانکار لەگەڵ دیپلۆماتە ڕووسی و چینییەکان ئامرازی گوشاری کۆماری ئیسلامی دژبە ئەمریکا بە ئەژمار دێت. بەم حاڵەوە نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە ئەم فاکتۆرە بەهۆی هاوکات بوونی دانوستانە ناوەکییەکان لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە لە سنووری ئۆکراین و توندبوونەوەی قەیران لەگەڵ چین لەسەر تایوان، وەک تیغێکی دوو بەر وایە. هەروەها هەوڵ دان بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیش وەک ئامرازێکی بەرگرانە، کایە کردن لەگەڵ ئاگرە.
سەرەڕای هەوراز و نشێوی ئەم دانوستانانە، کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی ڕێگایەکی بێجگەلە سازان لەبەردەم نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە چەکەکانی خۆی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری مافخواز و ئازادیخوازی ئێران لەدەست دەدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێ بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنی دەرەکی، دواهاتی کارەساتباری گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەمنییەتی کردنی کەشوهەوای زاڵ بەسەر کۆمەڵگا و ژێر پێ خستنی سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکان، بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی وشیاری بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر کە هەر لە سەرەتاوە ماهییەتی چینایەتی و سیاسەتی ئیمپریالیسمی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان لە کێشمەکێش لەسەر بەرنامەی ناوەکیی ڕژیم، کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانە و دژی بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێناسە کرد، پێویستە بنبەستی ڕژیم لە درێژەدانی ئەم سیاسەتە بە بەرهەمی خەباتی خۆیان بزانن. لەڕاستیدا فاکتۆری ترس لە ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریی، هۆکارێکی گرینگە لە بەرەو بنبەست بردنی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیم. هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە ناسینی هاوسەنگیی هێزی نوێ و ئەو بنبەستانەی کە ڕژیم گرفتاریان بووە، پێویستە خۆیان بۆ نەبەردە چارەنووس سازەکان و سیاسەت داڕشتن لە ئاستی بەرین ئامادە بکەن.