فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کێشمەکێشی دوو ئاڵتێرناتیڤ: دەسەڵاتی حیزبەکان یان دەسەڵاتی شۆرایی
سێشەممە ۰۵-۱۱-۱۴۰۰   |  25-01-2022

ئەو گۆڕانکارییە قووڵ و بەرینانەی کە کۆمەڵگای ئێرانیان بەرەو ئاڵوگۆڕی فراوان بردووە، باروودۆخی سیاسیی ئێرانیان لەگەڵ دوو ڕەوتی بەرچاو بەرەوڕوو کردووەتەوە. لە لایەکەوە هێژمۆنیی سیاسی و ئیدێئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی درزی قووڵی تێکەوتووە و بۆشایی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و زۆربەی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا پتر لە ڕابردوو قووڵتر بووەتەوە. شەپۆلی ڕوو لە پێشڕەویی خەبات بە بەرینایی کۆمەڵگا و هەروەها قەیرانی چارەهەڵنەگری سیاسی، نێونەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، کۆماری ئیسلامیی بەرەو داڕمان و ئیفلاس بردووە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم گۆڕانکارییانە جۆرێک لە “بۆشایی دەسەڵات”یان لە ئێستای گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا پێک هێناوە و گرژیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و هەروەها جەمسەربەندیی سیاسییان توندتر کردووەتەوە. لە ئاکامدا حیزب و ڕەوتە سیاسییە چالاکاکەکانی ئەم بوارەی، وەکاردانەوە و جمۆجۆڵی تازە خستووە تا بەش بەحاڵی خۆیان لەپێناو بەرژەوەندی چینایەتی و سیاسییان، ئەم “بۆشایی”یە لە ئێستا و داهاتووی هەر گۆڕانکارییەکدا پڕ بکەنەوە. هەم ڕەوتی بورژوازی، ڕاست و ناسیۆنالیستی و هەم هێز و حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەر کامیان بەپێی ستراتێژ و سیاسەتەکانیان هەوڵ دەدەن تا لە هاوکاری لەگەڵ یەکتر و بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی فەرمی و نافەرمی، پێگەی خۆیان لەم کێشمەکێشانەدا باشتر بکەن. لە گشتی ترین ئاستی لێکدانەوەدا، ئاڵتێرناتیڤی ڕاست و بورژوایی، کۆنتڕۆڵ و دابەشکاریی دەسەڵاتی سیاسییە لە نێوان حیزبەکاندا بۆ “قۆناغی تێپەڕین و گواستنەوە” و پاشان بەدەسەڵات گەیشتنی حیزبە سیاسییەکانە لە ڕێگەی وەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان. بەڵام لە بەرامبەردا ئاڵتێرناتیڤی چەپ و سۆسیالیستیی دەسەڵاتی شۆرایی و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ شۆرای کرێکاران و زەحمەتکێشانە. لەو مەسیرە پڕ لە ئاڵوگۆڕەدا کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو باروودۆخی شۆڕشگێڕانە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەنگاو هەڵدەگرێت، کێشمەکێشی نێوان هێزە چەپ و ڕاستەکانیش توندتر دەبێتەوە و ڕیزبەندیی ئەم هێزانەش گۆڕانی بەسەر دا دێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی، کۆماری خوازان، لیبڕاڵەکان، مەزهەبییەکان وناسیۆلیستەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا هاوپەیمانیی ڕەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆریان پێکهێناوە تا بەسەر پڕژوبڵاویی خۆیاندا زاڵ بن و خۆیان وەک بەدیلی کۆماری ئیسلامی دەربخەن. بناغەی سەرەکیی ستراتێژی ئەم هێزانە ئەوەیە کە “نەخشەڕێگای تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی” لەڕێگەی کۆبوونەوە و یەکگرتووکردنی حیزبە بورژواییەکان بەیارمەتیی میدیا دەستی ڕاستییەکان و لە هاوئاراستەیی لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستەکان دابڕێژن. ئەوەیکە هەموو ئەم حیزیانەی لەو هاوئاراستەیی و هاوپەیمانییەدا کۆکردووەتەوە، ئامادەبوونی ئەم هێزانەیە بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرووی خەڵکەوە. هەوڵێکە تا لە ئاکامی هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا، ئەم لایەنانە بتوانن بە گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی، کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی نیزامی، ئەمنییەتی، ئابووری،  و سیاسیی و گشت دامودەزگای دەوڵەتیدا بسەپێنن و بەرژەوەندی چینایەتی و سیاسییان زەمانەت و سەقامگیر بکەن. ناوەرۆکی سەرەکیی ئەم سیاسەتانە پەراوێزخستنی بەشداری و دەخاڵەتی زۆربەی کرێکاران و ستەملێکراوان لە چارەنووس و داهاتوویان دایە.

لەئاستی مەحەلیشدا، حیزبە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بە پێکهێنانی بەرە و ناوەندی هاوکاری، خۆیان بۆ بەشداریکردن لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی ئامادە دەکەن. ئەم هێزانە، بەرەی کوردستانی و هاوکاریی ستراتێژیک لەنێوان حیزبەکان بە پێداویستیی دەخاڵەت لە قۆناغی گۆڕدراوی سیاسی دەزانن تا لە هەلومەرجی “تێپەڕین” لە کۆماری ئیسلامیدا بتوانن “بەڕێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی قەیراناویی و ناسەقامگیری”دا بەدەستەوە بگرن. ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم حیزبانە لە هەوڵی ئەوە دان تا بەدوور لە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، مەوجوودییەتی خۆیان وەک “ئەمری واقع” بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا بسەپێنن و سەرچاوە سەرەکییەکانی دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵ لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن. ئەم هاوپەیمانی و هەوڵانە، هێندێک لە هێز و ئاراستە ڕاست­ڕەوەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستانیشی بۆ بەشداریکردن لەم گرێبەست و موعامەلانەدا وەسوەسە کردووە تا خۆیان لەناو ئەم وتار و بەدیلسازییەدا ببیننەوە و لە قافڵە دوا نەکەون. ئەم ئاراستەیە نا سۆسیالیستی و ڕاستڕەوانەیە ئەوە بەرز دەکاتەوە کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە “پرۆسەی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی” دەبێت چی بێت و لەسەر وردەکارییەکانی پرۆسەکە بەڕێکەوتن بگەن. هەروەک چۆن لەناو ڕەوتە بورژواکانیشدا باوە، ئەم بۆچوونە سیاسییە هەوڵ دەدات ڕوانگە و هەڵوێستی ڕاستڕەوانەی خۆی لەژێرناوی “واقع گەرایی” بخاتە ڕوو. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێمان دەڵێ کە هەرکات حیزبە بورژواییەکان لەژێرناوی واقعگەراییدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، هەرگیز نەهاتوونەتە خوارێ و هیچ کات “پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بە خەڵک”یان جێبەجێ نەکردووە. هێنانەگۆڕی ئەم سیاسەت و هەڵوێستگیریانە هیچ شتێک نییە بێجگەلە فریوکاری و خۆشباوەڕی­نانەوە لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. لەو جێگەوە کە “دەسەڵاتدارییەتیی حیزبەکان”، هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی لەناو زۆربەی کۆمەڵگا بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران نییە، ئەم ڕەوتانە بەردەوام تەپڵی دسەڵاتداریەتیی حیزبەکان لە “قۆناغی تێپەڕین” دەکوتن تا بەڵکوو بە هەر قیمەتێک بێت دەستیان بە ئامرازەکانی دەسەڵات بگات و بەرژەوەندی درێژماوەی خۆیان لەم ڕێگەوە دابین و زەمانەت بکەن.

بەپێچەوانەی ستراتێژ و سیاسەتی ڕەوتە ڕاست و بورژواییەکان، ئاڵتێرناتیڤ و ڕێگاچارەی هێزە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکان لەسەر بەشدرایکردنی ڕاستەوخۆ و جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی گشت کاروباری کۆمەڵگا پێداگری دەکات. ئەگەر بەدیلسازیی ڕەوتە ڕاست و بورژواییەکان لە هاوئاراستەیی لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداریی جیهانی و کۆنەپەرستانی ناوچەکە، دەتوانێت مەترسییەکی واقعی بێت لە داهاتووی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران کوردستان، واقعبینی و ڕووناک بینیی لە داڕشتنی سیاسەتی سۆسیالیستی، ئەرکدارمان  دەکات تا پێداویستییەکانی پووچەڵ کردنەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵی ئامادە بکەن و ئاڵتێرناتیڤەکەی لەسەر بەستێنی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لەناو هێزە چەپ و سۆیالیستییەکاندا پێک بێنین. بۆ هێزە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکان کە ستراتێژی خۆیان بە پشت بەستن بە خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ستەملێکراو بەرەوپێش دەبەن، ئامرازی دەسەڵات و هێزی ماددی و بابەتی، نابێ هیچ شتێک بێت بێجگەلە هەوڵ بۆ ڕێکخراوبوون و ڕێکخستنی جەماوەر و تەبلیغ و بانگەشەی وشیاریی چینایەتی و سۆسیالیستی. ئەویکە دەستدرێژی و داسەپاندنی ئیرادەی حیزب و هێزە دواکەوتوو و ڕاستەکان بەسەر ئیرادەی زۆربەی کۆمەڵگادا پووچەڵ  و سنووردار دەکاتەوە و پەراوێزی دەخات، هێزی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر بمانهەوێت مەترسیی شەڕی ناوخۆیی لە کوردستان لە هەموو باروودۆخێکدا بڕەوێنین، ڕێگاچارەکەی پەنابردن بۆ دیپلۆماسی، بەندوبەست و سازان لەگەڵ حیزبە بورژواییەکان لەپشت دەرگا داخراوەکان نییەن بەڵکوو دابینکردنی ئامرازە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، پێداویستیی کردەوە و زەمانەتی کارامە و کاریگەرە. لەبەر ئەوەیکە ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدات کە هیچ زەمانەتێک بۆ پێبەندبوون و بەڵێنداریی ئەم حیزبانە بە ڕێکەوتن و سازان هەرگیز بوونی نەبووە. بۆ ئێمە ئامرازی گوشار و دەسەڵات، هێزی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی کرێکاران، ژنان، لاوان، مامۆستایان، بێبەشانی شار و باقیی هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە لە ڕێکخراوی ڕادیکاڵ و سەربەخۆی کۆمەڵایەتی و هەروەها گردبوونەوە لە حیزبە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستییەکان دایە. کەوابوو تەنیا ماددییەت بەخشین بە ئامراز و هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە کە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە باروودۆخی شۆڕشگێڕانە و گۆڕدراوی سیاسیدا زەمانەت دەکات و مەترسیی زەوتکردنی شۆڕش و داگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ڕەوتە بورژوایی و ڕاستڕەوەکان بە کەمترین ئاست دەگەیەنێت.

سەرکەوتن و پێشڕەویی هەنگاو بە هەنگاوی خەباتی کرێکاران و ستەملێکراوان پێویستی بە پشت بەستن بە هێزێکی بابەتی و کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵە کە لە ڕێگەی شۆڕشی کرێکارییەوە پێکهاتە و پەیوەندی چینایەتی و کۆمەڵایەتی گشت نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بباتە ژێر پرسیارەوە، تێکەوەی پێچێت و نیزامێکی شۆرایی و نوێ دابمەزرێنێت. پێویستیی هێنانەگۆڕ و تەئکید لەسەر “ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی” لەم حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە سازوکاری نیزامی سەرمایەداری بەکردەوە ناکارامەیی خۆی لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی زۆربەی کۆمەڵگادا سەلماندووە. کەوابوو دەسەڵاتی شۆرایی گونجاوترین و بەردەستترین مێکانیسمی بڕیاردان، بەڕێوەبردن و چاوەدێریی دابین دەکات کە لەم ڕێگەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە پانتایی کۆمەڵایەتی و لە هەموو ئاستەکاندا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنە بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ دەبن و لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگادا بەشداری و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامیان دەبێت. ئەمانە ئەو هیوایانەن کە لە جەرگەی خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێودا پێکهاتوون و بوونەتە ئاسۆیەکی ڕزگاری بەخش بۆ کرێکاران و ڕەنجبەران. پێویستە هەوڵ بدەین تا بە پشت بەستن بە هێزی ڕێکخراو و هێزی چینایەتی و کۆمەڵایەتی ئەم ئاڵتێرناتیڤ و ئاسۆیە دەستەبەر بکەین.