کەماڵ لوتفی خەڵکی دێولان، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆرشی ژینا بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرکرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، کەماڵ لوتفی، تەمەن ٤٦ ساڵ دوای بانکگران بۆ دادگای شاری قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ کەماڵ لوتفی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە پێشتریش واتە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو کەماڵ لوتفی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی کامیاران گواسترایەوە.
ئەو باوکە دادخوازە دواجار دوای ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد بوو.