فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کەمبوونی ئاو لە کوردستان و بەڵێنی درۆیینی ڕژیمی ئیسلامی
یەکشەممە ۱۲-۱۰-۱۴۰۰   |  02-01-2022

ڕۆژی شەممە ٧ی مانگی سەرماوەز عەلی ئەکبەر مێحرابیان وەزیری وزە لە دەوڵەتی سێزدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی دەوڵەت چووە شاری سنە تا سەردانی پڕۆژەکانی ئاو و بەرقی ئۆستانی کوردستان بکات. ناوبراو گرینگترینی ئەم پڕۆژانەی، گەیاندنی ئاو بۆ سنە  و شارەکانی دیکەی ئۆستان ڕاگەیاندبوو. مێحرابیان لە وتووێژ لەگەڵ هەوانێرانی میدیایی لە شاری سنە، سەردان و لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژە نیوەکارەکانی بواری ئاو و بەرقی ئامانجی سەفەرەکەی خۆی پێناسە کرد و وتی: “تەکمیل کردنی پڕۆژە نیوەکارەکانی گەیاندنی ئاو بۆ ئۆستانی کوردستان دەکەوێتە ئەولەوییەتەوە”. ئۆستانداری کوردستان ئیسماعیل زارعی کووشا سەبارەت بە سەفەری یەک ڕۆژەی وەزیری وزە بۆ ئۆستانی کوردستان وتی: “لە ماوەی ئەم سەفەرەدا لەپێوەند لەگەڵ سێ بەش پەسندکراوی باشمان بووە کە بەشی یەکەم دابین کردنی ئێعتباری تەکمیل کردنی پڕۆژە نیوەکارەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و سەنعەت، بەشی دووهەم وەرگرتنی جەواز بۆ تەرخانکردنی ئاو و بەشی سێهەم سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکان بوون.” ئۆستانداری کوردستان پەسندکرانی ٣٥٠ ملیارد تمەن لە ئیعتباراتی وەزارەتخانە بۆ گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی ئازادەوە بۆ پاڵاوگەی سنەی تا کۆتایی مانگی جۆزەردانی ١٤٠١ی وەک گرینگریتن پەسندکراوی ئەم دانیشتنە لەگەڵ وەزیری وزە پێناسە کرد و وتی: ” بە بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە بەشێکی زۆر لە کێشەی و گرفتی ئاوی سنە چارەسەر دەبێت.”

ئەم ئامارانە لە حاڵێکدا باسیان لێ دەکرێت کە سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی کوردستان چەند مانگ لەمەوبەر ئێعتباری گشت پڕۆژەکەی ٣٥٠ ملیۆن تمەن ڕاگەیاندبوو و وتبووی کە هەتا ئێستا ٢٥٠ ملیارد تمەن لەم ئێعتبارە تەرخان کراوە. ئەم وادە و بەڵێنانە لە حاڵێکدا لە میدیا دەوڵەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە کە خەڵکی کوردستان لەم بابەتە ئاگادارن. بەهمەن مۆرادنیا ئۆستانداری پێشوو لە دەوڵەتی دوازدەهەمی حەسەن ڕووحانی، مانگی خەرمانانی ئەمساڵ سەردانی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ پاڵاوگەی سنەی کرد و وتی: “هەروەک پێشتریش بەڵێنم دابوو، سەرچاوەکانی ئێعتباری پێویست بۆ بەکردەوەدەرهێنانی سیستەمی گواستنەوەی ئاو لە بەندئاوی ئازادەوە بۆ سنە دابین دەکرێت، هەربۆیە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە بەخێرایی کارەکە بەرەوپێش دەبەن”. ئەگەرچی مۆرادنیا پێشتریش لەسەر بەکردەوەدەرهاتنی ئەم پڕۆژەیە تەئکیدی کردبوو و کارناسانی بواری ئاو و بەرقیش بۆ چارەسەرکردنی تام و بۆنی ناخۆشی ئاوی سنە ڕێکاری گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ پاڵاوگەی سنە و هەروەها بەڕێوەچوونی بەڵگەی ستراتێژیکی باشتر کردنی کوالیتی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەیان پێشنیار کردبوو، بەڵام نەتەنیا  هەوڵێکی ئەساسی هەتا ئێستا نەدراوە بەڵکوو ئەگەری تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی پتر لە ٥٠ گوند لەگەڵ ئاوی خواردنەوەی سنە، خەڵکی پتر لە دوو ساڵە بەشێوەی جیددی نیگەران کردووە.  لە وەها بارووۆدۆخێکدا خەڵک بۆ دابینکردنی لانیکەمی ئاوی خواردنەوەیان، گرفتار و سەرگەردانی کێو و بیابانن. جێگری ئۆستاندار و سەرۆکی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و بەرنامەڕێژیی ئۆستان بەڵێنی بە خەڵکی سنە دابوو کە هاوینی ئەمساڵ دوایین وەرز بێت کە هاووڵاتییان تام و بۆنی ناخۆشی ئاوی سنە تەحەمول دەکەن. لەڕاستیدا پڕۆژەیەک کە قەرار بوو لە هەر چرکەیەکدا ٢ هەزار لیتر ئاو بگەیەنێتە ناو بەندئاوی قشڵاقی سنەوە، و لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی پێبێت، بەپێچەوانە وادە و بەڵێنی درۆیینی کارگێڕانی دەوڵەت و بەرپرسانی ئۆستانی کوردستان، هێستا تەواو نەبووە و ساڵ بەرەو کۆتایی دەڕوات. لە لایەکی دیکەشەوە پێویستە بڵێین کە کەمبوونی ئاوی خواردنەوەی سالم لە ئۆستانی کوردستان تەنیا بە شاری سنە سنووردار نابێت بەڵکوو کوالیتیی ئاو لە هێندێک لە شارەکانی ئۆستانی کوردستان لەوانە بانە، دێگولان و تەنانەت سەقز یەکجار هاتووەتە خوارێ و خەڵکی ئەم شارانە لەگەڵ کێشەی فراوان بەرەوڕوون.

شارستانی بانە لە چل و سێ هەزار هاوبەشی ئاو، لەوانە سی وسێ هەزار هاوبەشی شار و دە هەزار هاوبەشی گوند پێکهاتووە. باقیی خەڵکی ئەم شارستانە ئاوی پێویستی خۆیان لە چاڵاو و سەرچاوەکانی تر دابین دەکەن. مێحرابیان پاش سەردان کردنی پڕۆژەی بەنداوەکانی ژاوەی سنە، سوراڵ، بەردەڕەش و قوچەم لە دێگولان چوو بۆ بانە. وەزیری وزە لە چاوپێکەوتنی بۆ بەئداوی عەباس ئاوای بانە وتی: “دابینکردنی ئاوی پایەداری شاری بانە لەو مەسەلە گرینگانەیە کە دەبێ بە جیددی بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ئەم بابەتە یەکێک لە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی کیشوەری و ئۆستانییە”. بەڵام سەرەڕای دان پێدانانی وەزیری وزە و سەرەڕای ئەوەیکە یەکێک لە کێشە پێوەندیدارەکانی سڵامەت و تەندرووستی لە شارستانی بانە و گوندەکانی ئەم شارستانە کەمبوونی ئاوە و هێندێک لە ئاواییەکان لە ٤٨ کاتژمێردا تەنیا چەند کاتژمێریان ئاو هەیە، بەپێچەوانەی ئیدیعای درۆیینی وەزیری وزە و بەرپرسانی ئۆستان، بۆ ئەم شارستانە ئێعتبار و بوودجەی پێویست بۆ نووژنکردنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ تەرخان نەکراوە.

لە حاڵێکدا کە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپاکردنی پادگان و زیندان لە شارەکانی کوردستان، بۆ ڕێکخستنی تۆڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناو لاوان، بۆ سەرکوتی جەماوەری خەباتکار، بۆ کوشتنی کۆڵبەرانی شەریف و زەحمەتکێش لە سنوورەکان، بۆ میلیتاریزە کردنی کوردستان، بۆ دەخاڵەتگەریی نیزامی لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆ پڕچەک کردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بوودجەی بەرین تەرخان دەکات، بەڵام لەژێر باری بەرپرسایەتیی دابینکردنی بوودجەی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بۆ ملیۆنان ئینسان شانی لادەبات و حازر نییە بوودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەرخان بکات. 

نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە خەڵکی کوردستان پتر لە چوار دەیەیە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا، سەرەڕای توندبوونەوەی ستەمی چینایەتی لەسەر کرێکاران، بەهۆی داسەپانی سیاسەتی شۆوێنیستی لە ستەمی نەتەوەیی ڕەنج دەبەن و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لە بواری ڕێژخانی ئابووری، کەرەستەی خۆشبژێوی و بەکردەوە دەرهاتنی پڕۆژە ئابوورییەکان یەکجار بکەونە ژێر گوشارەوە. ئەزموونی ساڵەها خەباتی خەڵکی کوردستان نیشانی دەدات کە هەر ڕادە لە پێشڕەوی لە بواری دەستڕاگەیشتن بە خواستی خەڵکی کوردستان و پاشەکشەپێکردن بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی خەباتی یەکگرتووانەدا ئاکامی دەبێت. کەوابوو پێویستە کلتووری ناڕەزایەتی و خەبات بۆ دەستڕاگەیشتن بەم مافە سەرەتاییانە بەشێوەیەکی هەرچی بەرینتر بکرێتە کلتووری گشتی. پێویستە کەمبوونی ئاوی خواردنەوەی سالم، ئەم پێداویستییە گرینگ و سەرەتاییەی خەڵک بکرێتە بەستێنێک بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی گشتی. لەسەر ئەم ئەساسە، پەیوەندی خەباتی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکانی ژینگەپارێز و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی ناو کۆمەڵگا، دەتوانێ باوەڕپێکراوترین هێز بێت لە بەرەوپێش بردنی خەباتی یەکگرتووانە و دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان.