لەدوای کوژرانی ڕەئیسی ئایەتوڵڵای ئێعدام، کادری ڕێبەریی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و خامنەیی موهەندسی کردنی ئینتخاباتی پێشوەختەی سەرۆک کۆماریان خستووەتە دەستووری کارەوە و ٨ی پووشپەڕیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گاڵتەجاڕییە دیاری کردووە. شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بارودۆخێکدا بەرنامەڕێژی کراوە کە لە ١١ی مانگی ڕەشەممەوە هەتا ئێستا دوو جار مۆری نامەشرووعبوون لە ناوچاوانی نیزامی ئیسلامی دراوە. ئەم شکستانە لە هەمان کاتدا کە ناکۆکیی نێوان باڵەکانی حکوومەتی ئیسلامییان توندتر کردووەتەوە، هەموو ئەم باڵانەشی لەئاست چارەنووسی نیزامی ئیسلامی نیگەران و دڵپەرۆش کردووە. لەم ڕووەوە هەم ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی و هەم ئیعتداڵگەرایان و هەم ئوسوولگەرایانی میانەڕەو هاتوونەتە مەیدان تا بە خەیاڵی خۆیان بۆ تەنووری ساردی ئینتخابات بازاڕگەرمی بکەن و ئیعتباری لەدەستچووی مێکانیسمی ئینتخابات بگەڕێننەوە و نیزامی ئیسلامی لەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنن.
سەرانی ڕژیم لە حاڵێکدا کە هەوڵ دەدەن ئەم نمایشە ئینتخاباتییە وەک ڕووداوێکی گرینگ لە مێژووی سیاسیی کۆمەڵگادا نیشان بدەن، بەڵام لە کاردانەوەی خەڵک و ئاکامەکانی یەکجار نیگەرانن. خامنەیی داوای لە کاندیدەکان کردووە کە لە “بۆختان و تۆمەت لێدان” لە یەکتر خۆبەدوور بگرن و بەم کارانە “ئابڕووی نەتەوەیی” وڵات نەبەن. بەدوای ئەم وتانەدا سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کادری ڕێبەریی سپا و خامنەییدایە لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە سەبارەت بە یاسا و چوارچێوەکانی “بەرنامەی تەبلیغاتی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار” ڕایگەیاند: هەموو جۆرە وتەیەک کە بەپێچەوانەی “بنەما و سیاسەت”ەکانی کۆماری ئیسلامی و دژی “یەکگرتوویی و هاوپشتی” و “ئەمنیەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵات” بێت، هەر شتێک کە بەواتای تۆمەت و سووکایەتی پێکردن و بوختان لێدان لە کاندیدەکان و کەسایەتییەکانی تر بێت، نایاساییە. ئەم هەڕەشانەی خامنەیی و ڕاگەیاندنی سەدا و سیما بەئاشکرا بۆ ئەوەیە کە باندەکانی حکوومەت گەندەڵی و تاڵانکارییەکانی نیزامی ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەڤیزیۆنیدا لەقاو نەدەن. خامنەیی نیگەرانی ئەوەیە کە ئەمجارە خودی کاندیدەکان بە وتنی خراپەی یەکتر، نیزامی ئیسلامی زیاتر نوقم بکەن و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری لێبکەتەوە. هاوکات عەلی ڕەزمجوو، فەرماندەی سپا لە ئوستانی بووشێهر لە کۆبوونەوەی ستادی ئینتخاباتی ئەم ئوستانە باسی لەوە کرد کە “ڕەزمایشی فەزای مەجازی” بۆ “زۆرترین بەشداری” لە چوادەهەمین دەورەی ئینتخابی سەرۆک کۆماری بەڕێوەچووە و “هادیانی سیاسی” بۆ شار و گوندەکانی ئێران ڕەوانە کراون تا خەڵک بەشێوەی بەرین لە ئینتخاباتی ٨ی پووشپەڕدا بەشداری بکەن.
بەڵام ناڕەزایەتیی گشتی دژبە بارودۆخی ئێستا و پەرەسەندنی خواستی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی هەموو ئەم هەوڵ و تەقەلایانەی دەمێکە بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. واقعیەت ئەوەیە کە دیاردەی ئینتخاباتی موهەندسیکراو کارکردی پێشووی خۆی بۆ ڕژیمی ئیسلامی لەدەستداوە. ئامانجێکی “ئینتخابات” لە کۆماری ئیسلامیدا ڕاکێشانی هەرچی زیاتری خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگەوە بەدەستهێنانی مەشرووعیەت بووە. بەڵام ئینتخابات بۆ ئەم ئامانجە بەهۆی شەپۆلی بەرینی نەچوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان کارامەیی خۆی لەدەستداوە. ئامانجێکی دیکەی ئینتخابات، دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە نێوان جەناح و باندەکانی ناو حکوومەت بووە. بەڵام ئەمەش بەهۆی بڕیاری خامنەیی و ڕێبەرانی سپا بۆ یەکدەست کردنی دەسەڵات، لە دەستووردا نەماوە. لەڕاستیدا دیاردەی ئینتخابات تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ڕازاندنەوەی حکوومەتی ئیستبدادی دینی بەسەر دەستی چینی سەرمایەداردا ماوەتەوە.
کرێکاران و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییە، هەم کارنامەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامی، و هەم ڕۆژانی پڕ لە شانازیی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییان لەبیرە. ئەم خەڵکە ڕۆژانە ئاکامی پەرەسەندنی بێوێنەی گرانی و هەژاری و نەهامەتی ئابووری، زیاتربوونی حاشیەنشینی، چوونەسەری خێرای ژمارەی منداڵانی کار، بێکاریی ملیۆنی و ژیان لەژێر هێڵی هەژاری ئەزموون دەکەن. ئەم خەڵکە بینییان کە چۆن ئازیزانیان بوونە قوربانیی نهێنیکاری و درۆودەلەسە و داماویی ڕژیم لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنادا. ئەم خەڵکە بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینیان بە ١٧٦ سەرنشینەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بینیوە. ئەم خەڵکە بە بەندکێشانی کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان، ژنان، نووسەران، ژینگەپارێزان، وێبڵاگنووسان، و شەلاق لێدانیان بینیوە. بەڵام لە بەرامبەردا خەڵک خۆڕاگریی شکۆمەند و بێباکانەیان تەجروبە کردووە. لە هەمووی گرینگتریش ئەوەیە خۆیان باش دەزانن پەیوەندیان لەگەڵ ڕژیم گەیشتووەتە قۆناغێکی ئاشتیهەڵنەگر و لەم پەیوەندییەدا سندووقی دەنگدان هیچ جێگەیەکی نییە. ئەوان لە مانگی بەفرانباردا بینییان کە چۆن هاواری “ئیسلاح تەڵەب ئوسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” لە هەموو گۆشەیەکی ئەم وڵاتە دەنگی دایەوە. هەر ئەوەیکە ئەم کاندیدانەی ڕژیم باری هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێمافیی کۆمەڵایەتی دەخەنە ئەستۆی یەکتر، خۆی نیشانەی سێبەری قورسی ئەم ئاخێزانەیە بەسەر شانی کارگێڕانی حکوومەتەوە. ئەوەیکە باڵەکانی ڕژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بارودۆخی قەیراناوی و مەترسیی ڕاپەڕینی جەماوەری هەژار و برسی، بەرەو یەکدەستکردنی سێ دەزگاکەی حکوومەت و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناو دەستی نیزامییەکان هەنگاو دەنێن، نیشانەی ئەوەیە کە ناتوانن بە ڕەواڵی پێشوو حکوومەت بکەن. لەم ڕووەوە خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگادا بەرەوڕووی بارودۆخێکی تازە دەبێتەوە و چینی کرێکار، پێشڕەوانی ئەم چینە و بزووتنەوەی سۆسیالیستی پێویستە وڵامی گونجاوی پێ بدەنەوە.
لەم هەلومەرجەدا کە کۆمەڵگای ئێران لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدا بەسەر دەبات، بۆ ڕێبەریی سپای پاسداران و بناژۆخوازان زەمانەتکردنی مانەوەی ڕژیم نەک لەڕێگەی ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و بەدەستهێنانی مەشرووعیەتی ئینتخاباتی، بەڵکوو لەڕێگەی بەهێزکردنی توانای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامییەوە دێتە دی. لە وەها بارودۆخیکدا بۆ تێکشکاندنی ستراتێژی سەرکوتی بێسنوور و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی پێویستە بەشێوەی نەخشەمەند پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئامادە بکەین. بزووتنەوەی کرێکاری ئێران سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگایەتی دەتوانێ ڕێکخراوتر بێتە مەیدان. هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران بەستێنێکی بابەتی بۆ بەهێزترکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکارە کە دەتوانێ زاڵبوون بەسەر نەبوونی ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران خێراتر بکاتەوە.
ئەم بزووتنەوەیە بەو ڕێبەرە سۆسیالیست و خۆشناوانەی کە لە دڵی خۆیدا پەروەردەی کردووە توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بزوێنەری خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ. ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.