سەرۆکی یەکێتیی نانەواخانەکانی پارێزگای کوردستان دەڵێت: نرخی نان لەو پارێزگایە بە ڕێژەی ٢٥ لەسەد گران کراوە و دەشڵێت: خشتەی نوێی نرخی نان ئامادە کراوە و دراوەتە نانەواخانەکان.
عەلی عەبدی، سەرۆکی یەکێتی نانەواخانەکانی پارێزگای کوردستان رایگەیاند، چوار ساڵ بوو هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی ناندا نەکرابوو، لەکاتێکدا تێچووی ئاو، کارەبا و گاز، هەروەها کرێ، مووچە و بیمەی کرێکارانی نانەواخانەکانیش زیاتر بووە. بەوتەی عەلی عەبدی، ئێستا نرخی نانی لەواش لە پارێزگای سنە لە ٤٠٠ تمەنەوە بووەتە ٥٠٠ تمەن، نرخی یەک دانە نانی سەنگەکی ئاساییش لە ١٧٠٠ تمەنەوە بۆ ٢١٠٠ تمەن و سەنگەکی تایبەتیش لە ٢٠٠٠ تمەنەوە بۆ ٢٥٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە. هەروەها نرخی نانی بەربەریی ئاسایی لە ١٥٠٠ تمەنەوە بووەتە ١٨٧٥ تمەن، بەربەریی بە کونجیش لە ٢٥٠٠ تمەنەوە بووەتە ٣٣٠٠ تمەن، کولێرەی بە رۆن ١٠ هەزار تمەن و کولێرەی ئاساییش ٨ هەزار تمەنە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە حکومەت بەشێک لە ئاردی نانەواخانەکان دابین دەکات کە هەر فەردەیەکی بە ٥٠ هەزار تمەنە، بەڵام ئەو ئاردە بەشیان ناکات و ناچارن لە بازاڕی ئازاد بە ٦٥٠ هەزار تمەن بیکڕن، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نان داناوە.