ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، “شۆڕش مروەتی” بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدامی خەڵکی سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و بڕیارە سزاکەی لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
شایانی باسە، هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی شۆڕش مروەتی بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە، هەموو هێڵەکانی تەلەفۆن لەو زیندانە پچڕاوە، هەتا پێش بە درزەکردنی هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراو بگرن. شۆڕش مروەتی پاییزی ساڵی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لە ڕەوتی شۆڕشی بەندکراوانی زیندانی ناوەندیی سنە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابوویەوە و ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ دوای ١٠ مانگ سەرلەنوێ بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی سنە گواسترایەوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو کە چواردە ساڵە لە زیندان دایە، ڕۆژی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ لە ڕەوتی شۆڕش و هەڵاتنی بەکۆمەڵی بەندکراوانی زیندانی سەقز هەڵاتبوو. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلیوەی هەمان ساڵ و پاش ١٠ ڕۆژ سەرلەنوێ لە گوندی سەبەدلووی بانە دەستبەسەر کرایەوە.