فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر سامان پاشایی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ
شەممە ۲۸-۰۵-۱۴۰۲   |  19-08-2023

بارودۆخی تەندروستی سامان پاشایی دەرچووی بەشی فیزیۆلۆژی و خۆراکییە وەرزشییەکان و ئەندامی ئەکادیمیایی نەتەوەیی پزیشکی وەرزشی ئەمریکا و هەروەها پاڵەوانی زۆرانبازیی خەڵکی سەقز، لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەترسیدایە. ناوبراو لە ماوەی نزیک بە ٥٠ ڕۆژی ڕابردووەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەی سەختدایە.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان پاشایی لە چل و پێنجەمین ڕۆژی دەستبەسەرکرانیدا، بۆ یەکەمجار لە ژێر چاودێری هێزەکانی ئیتلاعاتدا چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ خێزانەکەی هەبووە. سەردار پاشایی، برای سامان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە دۆخی تەندروستی براکەی بە شێوەیەکی جددی لە مەترسیدایە و خراپی دۆخی تەندروستی جەستەیی و دەروونی براکەی لە ئەستۆی بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە. سامان پاشایی لە ماوەی ٤٨ ڕۆژ دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریبووە. ناوبراو لەو ماوەیەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە. سامان پاشایی، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری سنەوە بۆ زێدەکەی خۆی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە بەکارهێنرانی لێدان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. دواتر ئەم هێزانە هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی سامان پاشایی و سەرەڕای پشکنین، دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراودا گرتووە.