هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاب بە ناوی ڕامین کەرەمی، کە لە کاتی ناڕەزایییەکانی کرمانشا بە سەختی بریندار ببوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی دژواری برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕامین کەرەمییان ئاگادار کردووەتەوە، کە بڕۆن تەرمی کوڕەکەیان لە شاری کرمانشا وەربگرنەوە.
ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کەرەمی کردووە و پێیان وتوون، کە لە ئەگەری ڕاگەیاندنی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە بەرکەوتنی گوللە و میدیایی کردنەوەی ئەم هەواڵە، ئەوا بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن سزا دەدرێن. هەروەها دوای وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو لە بنەماڵەی ڕامین کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە جەڵتەی دڵ ڕابگەیێنن تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە.
شیاوی ئاماژە پە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر ڕێوڕەسمی ئەسپردەکردنی ڕامین کەرەمی لە گۆڕستانی کەل داوودی سەرپێڵ زەهاب بەڕێوە چوو. چەند کەس لە هێزە ئەمنییەکان لەو گۆڕستانە ئامادە بوون و فیلمیان لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو هەڵگرتووە.