لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەری شاری مەهاباد، لانیکەم پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی کوبرا شێخ مستەفا، فریشتە ئەحمەدی، مەسعود محەممەدزادە، زانیار ئەبووبەکری و شاهۆ خزری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانیان بەخت کرد.
کوبرا شێخ مستەفا تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی دێ مەلا سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد، لە نزیک گۆڕەپانی مەلاجامی گیانی لەدەستداوە.
هەروەها شاهۆ خزری و زانیار ئەبووبەکری لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی پێنجشەممەی مەهاباد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیم گیانیان لەدەستداوە.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە دوکتۆر مەسعود محەممەدزادە، کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم بریندارببوو، رۆژی جومعە ٦ی خەزەلوەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیسماعیل مەولوودی، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شاری مەهاباد لە ماوەیەکی کورتدا دەستی پێکرد. زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس ڕژانە سەرشەقامەکان، کە توانیان بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبگرن بەسەر ئیدارەکانی دارایی، کومیتەی ئیمداد، شارەوانی و چەندین بانکدا. هەروەها کەلانتەری ١١ی ئەو شارە و بینای دەنگ و ڕەنگی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەمارۆی خەڵکدا بوون. بە وتەی شایەت حاڵان، هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە تایبەتەکان لەسەر سەربانی زۆرێک لە بینا حکومییەکان جێگیر بوون و خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.