فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان بەختکردنی چوار هاووڵاتی لە ئاخێزی شۆرشگێرانەی شارەکانی سنە و کامیاران
چوارشەممە ۲۵-۰۸-۱۴۰۱   |  16-11-2022

لە ڕاپەڕینی ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کامێاران و سنە، هێزە سەرکوتگەررکانی ڕژیم، ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد، کە بەهۆیەوە لانی کەم چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی سەعیدمۆرادی، زانیار ئەڵڵامورادی، عیسا بیگلەری و فواد محەممەدی گیانیان بەختکرد.
شەوی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، لە شاری کامیاران هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم ڕاستەوخۆ ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد و هاووڵاتییەک بە ناوی فواد محەممەدی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا گیانی بەختکرد. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فواد محەممەدی بە سەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سینای شاری کامێاران، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خەڵکی گوندی ماویان و دانیشتووی شاری کامێاران.
شیاوی ئاماژەیە، کە شەوی ڕابردوو، دوای ئامادەبوونی بنەماڵەی محەممەدی لەبەردەم نەخۆشخانەی سینا، هێزەکانی حکومەت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون و پێنج کەس لەو بنەماڵەیە برینداربوون. هەر لە کامیاران هاوولاتیەکی تر بە ناوی سەعید مۆرادی بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژیم گیانی بەخت کرد.
هەر لە هەمان ڕۆژ، زانیار ئەڵڵامورادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم گیانی بەختکرد. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەوال، زانیار ئەڵڵامورادی لە گەڕەکی کانی کوزەڵەی شاری سنە، لە مەودای چەند مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەڵڵامورادی ڕاگەیاند، زیاتر لە سەد ساچمە بەر لەشی زانیار کەوتووە. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید بەهۆی سەختی برینەکەی و خوێنبەربوونی ناوخۆیی گیانی لەدەست دا.

تەرمی ناوبراو لەلایەن ڕژیمەوە ڕفێندرا و لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تەرمی زانیار بەخاک سپێردرا.
هەر لەو رۆژەدا، عیسا بیگلەری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەکی گوندی “نەسنار” سەر بە سەوڵاوا بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم گیانی بەخت کرد. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا بیگلەری، لەبەردەم زانکۆی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە .

دوای ئەوەی کە تەرمی عیسا بیگلەری بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراوەتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دکتۆر محەممەدی، بەرپرسی پاسەوانی و مۆهەندس مەحمودپوور بەرپرسی پاراستنی نەخۆشخانە، تەرمی ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکان ڕفێندرا و لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی تەرمی عیسا بەخاک سپێردرا.