بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەوڵاوا بە ناوی “نازم سەفەری” لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود و کۆڵبەرێکی خەڵکی گیەڵان بە ناوی “ئیحسان نەورووزی” لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژران. هەروەها ٤ کۆڵبەری دیکەش لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەستبەسەرکران و دراونەتە بەر لێدان و کوتان و بریندار کراون.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە گوندی “دزاوەر” ی نەوسوود ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا “نازم سەفەری” ٢٦ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی “نوین” سەر بە شاری سەوڵاوا کوژراوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، لە سنووری مەریوان کۆڵبەرێک بە ناوی “ئیحسان نەرووزی” ٢٥ساڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرا. ئەو کۆڵبەرە گەنجە خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان بووە کە ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ تەرمەکەی لە زێدی خۆی بە خاک سپێردراوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردووش، چوار کۆڵبەری خەڵکی گوندی “دشە” سەر بە شاری پاوە بە ناوەکانی “محەممەد، بێهروز، دڵیار و حیسام”، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەستبەسەر کراون و دراوەنەتە بەر لێدان و کوتان. ئەوکۆڵبەرانە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کرابوون.