ئارمیتا گەڕاوەند کچە تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان کە ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چوو بووە حاڵەتی کۆما و بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی تاران گواسترابوویەوە، رۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر گیانی لەدەستدا. ئارمیتا لەم دوایییانەدا تووشی مردنی مێشکی ببوو و پزیشک و دوکتۆرەکان هیچ هیوایەکیان بە چارەسەرکردنی نەمابوو.
ئارمیتا گەڕاوەند، لە ڕێکەوتی ١٣ خاکەلێوەی ١٣٨٥ هەتاوی لەدایک بووە. لە کاتێکدا بۆ نەخۆشخانە گوستراوەتەوە، بەر لەوەیکە لە لایەن هێزەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێیەوە هێرش بکرێتە سەری و لێی بدرێت، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بەتەواوەتی جێگیر بووە و بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان؛ “دانی سێ”ی وەرزشی تایکواندۆی هەبووە و لەم دوایییانەشدا وەکوو ئەندامی تیمی “ئاناهید ڕەزم”ی تاران پشتوێنی “پووم یەک”ی بەدەست هێناوە. لە ماوەی ٢٨ ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی بە بڵاوکردنەوەی کەم کەم و هێواش هێواشی هەواڵی ئارمیتا گەڕاوەند و بانگەشەی ” دابەزینی پەستانی خوێن”ی ناوبراو لە میترۆ، هەوڵی دا کوشتنی حکوومەتیی ئەم کچە مێرمنداڵە چەواشە بکات.