ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، ئیسماعیل دارابی، پەنابەری تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان، هەروەها پەنابەرێکی دیکەی خەڵکی ئەهواز کە ناوەکەی هێشتا نەزانراوە، لە سنوورەکانی بیلاڕووس بەهۆی سەرمابردوویی و شەختەلێدانەوە گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی دارابی، تەرمی ئەو دوو پەنابەرە لە کاتێکدا دۆزراونەتەوە کە لەژێر بەفربارینێکی زۆردا لەسەر سنووری وڵاتی بیلاڕووس گیریان خرادبوو و بەهۆی سەرما و کڕێوەی زۆرەوە توانای جووڵەیان لەدەست دابوو.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، هێمن شەمامیزادە، لاوی پەنابەری تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت، لە دارستانەکانی سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵۆنیا بەهۆی سەرمابردوویی و شەختەلێدانەوە گیانی لەدەست دا.