بە گوێرەی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی چین، بەهۆی هەرەسهێنانی شاخێک لە پارێزگای یوننان لە باشووری ڕۆژئاوای چین، لانیکەم ٤٧ کەس گیانیان لەدەست دا.
کەناڵی فەرمی “CCTV” ڕایگەیاندووە، هەرەسهێنانی ئەو شاخە لە ویلایەتی ژینچیۆنگ بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هەرەسهێنانەکەوە ١٨ بنەماڵە کەوتوونەتە ژێر خۆڵەوە. هاوکات زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەپەلە لە ناوچەکە گواستراونەتەوە.
کەناڵەکە باسی لەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە خێرایی زیاتر لە ٢٠٠ کارمەندی فریاگوزارییان رەوانەی ناوچەکە کردووە، جگە لە دەیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و کەرەستەی دیکە. جێگای ئاماژەیە، چین لە چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەک کارەساتی سروشتی بەخۆیەوە بینیوە کە هەندێکیان دوای ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا بووە. لە مانگی دێسامبەری رابردوودا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە نزیک شاری شیان لە باکووری ئەو وڵاتە، زیاتر لە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدابوو. هەروەها لە مانگی ژووئیەی ئەمساڵدا، بەهۆی رۆچوونی زەوی لە پارێزگای سیچوان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا.