ڕۆژی هەینی ١٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەک بە ناوی “پوویا بابایی”، تەمەن ٢٦ سال و خەڵکی گوندی “پیرباوە”ی سەر بە شاری جوانڕۆ و دانیشتووی ئەمشارە، دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون و خەوێندران لە نەخۆشخانەیەکی کرماشان، بەهۆی ئەوەی کە مێشکی لەتمەی لێ کەوتووە و هەروەها شکانی بڕبڕاگەی پشتی، گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو حەفتەی ڕابردوو لە نزیک شاری حومەیل لە پارێزگای کرماشان، لە کاتێکدا کە بەبێ هیچ جۆرە بارێک بەرەو شارەکانی باشووری ئێران دەچوو، لە ناوڕێگەدا هێزە حکوومەتییەکان تەقەیان لە تایەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و پاش ڕاگیرانی ناوبراو بە شێوەیەکی نامرۆڤانە، دەستبەسەریان کردووە و سەرەڕای ئەوەش بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داوە کە بەم هۆیەوە مێشکی لەتمەی بینیوە و هەروەها بڕبڕاگەی پشتیشی شکاوە و بەم هۆکارە گیانی لەدەست داوە. شایانی باسە، دوای کوشتنی پوویا بابایی لە لایەن هێزەکانی ڕژیم، هاوژینی ئەو هاووڵاتییە کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە، تووشی دەمارەهێدمە (حملە عصبی) بووە و ئێستاش لە نەخۆشخانە و لەژێر چاوەدێریی چڕوپڕی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی ناوبرا نالەبارە. بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی بابایی کە نابێت لە مزگەوت پرسە بەڕێوە ببەن. هەروەها هەڕەشەی ئەوەشیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکاندا بڵاو بکرێتەوە.