بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “وریا شەریفی”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، وریا شەریفی کە تەمەنی ٢٧ ساڵە و خەڵکی شاری بانە بووە، سەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئەم کۆڵبەرە خاڵی سنووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەرباز کردووە و لە گوندی هەنگەژاڵ نزیک بووەتەوە، هێزە حکوومەتییەکان تەقەیان لێ کردووە. بەپشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٣٦ کۆلبەریش بریندار بوون. شەش کەس لەو کۆڵبەرانە لە سنووری بانە کوژراون.