فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان لەدەستدانی یەکێک لە بریندارانی ڕاپەڕینی ئەم دواییانە لە شاری سنە
چوارشەممە ۲۴-۱۲-۱۴۰۱   |  15-03-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، “محەممەدئاریان خۆشگوار” تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و ئاخێزی جەماوەریی ئەوشارە لە مانگی خەزەڵوەردا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بریندار ببوو، پاش نزیک بە چوار مانگ بەستەری کران لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تاران، شەوی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممە، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢۶ی خەزەڵوەر، لە شاری سنە هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی چوار کەس لە گیانبەختکردووانی ئەو شارە بریندار کرا و بۆ چارەسەریی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە و لەوێشەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری تاران گواستراوەتەوە. شایانی باسە، هێزەکانی ڕژیم بە چەقۆ چەندین جار لە سەر و شوێنە هەستیارەکانی جەستەی ناوبراویان داوە و دواتر بە گومانی ئەوەیکە کوژراوە، وازیان لێ هێناوە. جێگەی ئاماژەیە، تەرمی محەممەد ئاریان خۆشگوار، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەممە، لەژێر چاوەدێری هێزە ئەمنییەکاندا لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنە ئەسپەردە کراوە و ناوەندە سەرکوتگەرەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی خۆشگوار کردووە کە نابێت کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و لەگەڵ هیچ میدیایەکشیدا نابێت وتووێژ بکەن.