لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانان، تازە لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری کرمانشا بە ناوی ڕەزا شەهپەرنیا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دژە شۆڕشی ڕژیمی ئیسلامی گیانی بەخت کرد.
ڕەزا شەهپەرنیا لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و شاری کرمانشا، لە نزیکی گۆڕەپانی فیردەوسیی ئەو شارە، هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لێ کردووە و گوللە بەر سینگی کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.
پاش سێ ڕۆژ لە گیان بەخت کردنی ئەو لاوەی خەڵکی شاری کرمانشا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی بریمەوەندی ئەو شارە لە کەشێکی بەتەواوەتی ئەمنییەتیدا بەڕێوە چووە و تەرمەکەی بە خاک سپێردراوە.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی گوشاریان بۆ بنەماڵەی ڕەزا هێناوە تاکوو ڕەزا شەهیرنیا وەکوو شەهیدی رژیم لە قەلەم بدەن و لە ناوەندی کوژراوانی ڕژیمدا ناوی تۆمار بکەن، هەروەها بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان لەلایەن دژبەرانی کۆماری ئیسلامیەوە کوژراوە.