تازەلاوێکی خەڵکی سەردەشت کە بەهۆی لێدان و کوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بە سەختی بریندارکرابوو، دوای ١٣ مانگ لەکاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەرزین لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستبەسەرکرابوو و بۆ ماوەی یەک حەفتە ئەشکەنجەدرابوو. ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانبار، بەرزین حەمزەزادە، منداڵی برینداری تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، کاتێک کە لە نەخۆشخانەی “خومەینی”ی ورمێ لەژێر نەشتەرگەریدا بوو گیانی لەدەستدا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی بەرزین حەمزەزادە، ئەو منداڵە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە کاتی دەستبەسەربووندا هەر دوو گورچیلەی بەهۆی سەختی زەربەی هێزە ئەمنییەکانەوە لەدەستدابوو و تووشی تێکچوونی کارکردنی فیزیۆلۆژیکی ببوو. ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە: “بەرزین لە ماوەی یەک ساڵ و دوو مانگی ڕابردوودا، چەندین جار تووشی هاتنە خوارەوەی ئاستی هۆشیاری و بێهۆشی بووە و چەند جار بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بردراوەتە ناوەندە دەرمانییەکان. یەکێک لە نزیکەکانی ئەو منداڵە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاند کە: بەرزین پێش دەستبەسەربوون، لە تەندروستی تەواوی جەستەیی و دەروونیدا بووە و هیچ نیشانەیەک لە نەخۆشی نەبووە بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربووندا دوای ئازادی چەند جار لە هۆش خۆی چووە.” ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم بنەماڵەی حەمزەزادەیان لە ژێر گوشار داناوە تا لە میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕێگری بکەن. بەرزین حەمزەزادە، حەفتەی سەرەتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دوای خۆپێشاندانە بەربڵاوەکانی ٢٩ خەزەڵوەر لە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرکرا و نزیک بە یەک حەفتە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا داندرابوو. نیشانەکانی نەخۆشی ئەو منداڵە، چەند ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە سەرماوەزی پارەکە ئاشکرا ببوو.