لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ١٠ منداڵی گیرۆدە بە نەخۆشیی ئێس ئێم ئەی بە هۆی نەبوونی دەرمانی پێویست و خراپتربوونی بارودۆخیان، گیانیان لەدەست داوە.
حەفتەی ڕابردوو بنەماڵەی نەخۆشانی ئێس ئێم ئەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری دابینکردنی دەرمان بۆ منداڵانیان بوون.
بەپێی زانیاریەکان وەزارەتی تەندروستی وڵامی بنەماڵەکانی نەداوەتەوە و بە ناچار چوونەتە بەردەم نەهادی سەرۆک کۆماری کۆبوونەوەکەیان بەڕێوە بردووە.
پاش چەند ڕۆژ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، نەهادی سەرۆک کۆماری بە بنەماڵەی نەخۆشانی ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی تەندروستی پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئەو دەرمانانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و بۆیە ئیتر بڵاو نەکراونەتەوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە بە وتەی بنەماڵەی نەخۆشەکان دەرمانەکان کاریگەریی زۆر باشیان هەبووە و وەزارەتی تەندروستی ڕاست ناکات. پاش چەند ڕۆژ کۆبوونەوە و وتووێژ و دانیشتنی بنەماڵەکان لەگەڵ نەهادی سەرۆککۆماری، بنەماڵەی نەخۆشەکان نەیانتوانیوە بەو دامەزراوەیە بسەلمێنن کە وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە کاریگەرنەبوونی دەرمانەکان ڕاست ناکات.
ڕامەک حەیدەری بەڕێوبەری ئەنجومەنی دیستڕۆفیی ئێران قسەی بنەماڵەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پاش ئەوەی کە بڵاوکردنەوەی دەرمانەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕاگیرا، ڕێژەی گیانلەدەستدانی منداڵانی گیرۆدە بە ئێس ئێم ئەی زۆر زیادی کردووە.