گەشتیارێکی خەڵکی ئیسپانیا بە ناوی سانتیاگۆ سانچێز، دوای ئامادەبوونی لە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە.
سانتیاگۆ سانچێز، لە سێ هەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ موتەرجمەکەی کە خەڵکی شاری بەندەر عەباسە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەرکراون و ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرن. سانتیاگۆ سانچێز، ویستوویەتی کە لە وڵاتەکەی خۆیەوە هەتا شوێنی بەڕێوەچوونی مۆندیالی جیهانی لە قەتەر بە پێ ببڕێت، بەڵام دوای چوونە ناو خاکی ئێران و ڕۆیشتنی بۆ سەر گلکۆی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
چەند حەوتوو پێش، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە ٩ کەسی دەرەکی، کە زۆربەیان خەڵکی ئەورووپان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەستگیرکردووە.
شیاوی ئاماژەپە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەبوو هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ئیسپانیایە دەستبەجێ بە کۆنسولگەری وڵاتی ئیسپانیا لە ئێران ڕابگەیندرایە. بەڵام هەتا ئێستا، بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبارەی دەستبەسەرکرانی ئەو کەسەوە هیچ هەواڵێکی فەرمییان بلاو نه کردوتەوە.