قۆناغی نوێی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە مانگی ڕەزبەرەوە لە سەنعەتی نەوت و گاز دەستی پێکردبوو لەئێستادا بۆ سێهەمین حەفتەی بەردەوام هەروا درێژەی هەیە و بەرەو ناوەندەکانی دیکە پەرەی سەندووە. ئەم ناوەندانە بریتین لە: ئاغاجاری، ئەهواز، سەکوکانی ئەبووزەر و بەهرگانسەر، ناوچەی نەوتیی جەفیر، بەندەری ماهشەهر، خارک، پێترۆشیمی ئابادان و مکران، ناوچەی عەمەلیاتیی ئەروەندان، ناوچە نەوتییەکانی جنووب، زاگرۆسی جنووبی، میللی حەفاری، پاڵاوگەی ئاغار داڵان، نەوت و گازی غەرب. هێندێک لە داخوازییەکانی کرێکاران لەم ئیعتڕازاتە بریتین لە: لابردنی یەکجاریی سەقفی حقووق، لابردنی بەربەستەکانی حەقی سەنەواتی خانەنشینی، پێدانەوەی مازادی ماڵاڵیاتی وەرگیراو، نەبوونی هەڵاواردن لە ناوچە عەمەلیاتییەکان و نەگۆڕینی ئەساسنامەی سندووقی خانەنشین. شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانی نەوت” هەوڵی داوە لە نێوان ئەم ناڕەزایەتییانەدا هاوئاهەنگی پێکبێنێت و کرێکارانی بانگەشەی دیفاعی یەکگرتووانە لە داخوازی بەشە جۆراوجۆرەکان کردووە. لە حاڵێکدا کە ڕۆژانی ڕابردوو ناڕەزایەتیی بەردەوام لە ناوەندەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی درێژەی بووە، کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان لە یازدەی مانگی سەرماوەزدا مانگرتنی بەهێز و یەکگرتووانەی خۆیان دەستپێکرد. داخوازیی سەرەکیی ئەم کرێکارانە هەروەک بەشەکانی تری کرێکاران ڕیزبەندیی پیشەکان، هاوسانسازیی حەقدەست لەگەڵ باقیی بەشەکانی فوولاد و بردنەسەری ئاستی حەقدەستە. بێهۆ نەبوو کە چوار ڕێکخراوی کرێکاری لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو بە کرێکارانی مانگرتوو نووسییان: „مانگرتن و ناڕەزایەتیی ئێوە بۆ گەیشتن بە خواستەکانتان سەلمێنەری ئیرادەی پۆڵایینتانە. ئێوە بە دروستی ئەو خواستانەتان گەڵاڵە کردووە کە سەرچاوەی بێبەری بوون لێیان خاوەنکاران، مودیران و دەوڵەتن. هەروەها لە درێژەدا دەنووسێ: „کرێکاران بۆ پێشخستنی خواستەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی خۆیان زیاتر لە هەموو شتێک پێویستیان بە پاراستنی یەکڕیزی و خەباتە لەپێناو دامەزراندنی ڕێکخراوی چینایەتی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی کار و پیشەیان. ١٨ هەزار کرێکاری زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان و هەزاران کرێکاری سەنعەتی فلز و فوولادی ئێران دەبێ بیر لە یەکگرتوویی چینایەتی و بوون بە بەرەیەکی بەهێز لە خەباتی چینایەتی بکەنەوە”.
ئەم بارودۆخە درێژەی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانە. بێگومان دەتوانین بڵێین کە لە هەلومەرجی ئێستادا چینی کرێکاری ئێران یەکێک لە پڕجموجۆڵترین بەشەکانی چینی کرێکار لەئاستی جیهاندایە. لەم قۆناغەدا لە کەمتر شوێنێکی جیهان چینی کرێکار لەم ئاستەدا لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی کۆمەڵگا کاریگەریی داناوە. ئەویش لە کۆمەڵگایەکدا کە فەقری ساختاری بەسەر چینی کرێکاردا سەپاوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە بورژوازی و چینی دەسەڵاتدارەکەی چەندین دەیەیە بۆ هەرزانکردن و بێدەنگکردنی چینی کرێکار هەوڵ دەدەن. لە کۆمەڵگایەکدا کە کرێکاران بۆ چکۆلەترین ئیعتڕاز دەبێ بەهایەکی گران بدەن. کۆمەڵگایەک کە هەر چەشنە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری بەرەوڕووی سەرکوتی بێسنوور دەبێتەوە. هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و مانگرتنێک لەگەڵ دەستبەسەرکردنی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو ناڕەزایەتییانە بەرەوڕوو دەبێتەوە. سەرەڕای توندبوونەوەی فەزای سەرکوت لەم دەورەیەدا خانەنشینان بە بەڕێوەبردنی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرەو شکست بردنی ئامانجەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەمەبەستی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا بینیوە. وە هەڵبەت خانەنشینان بەتەنها نەبوون. هەر ئەوەندە بەسە چاوێک لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە بەرەو ئەملا بکەین تا بەرینایی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانمان بۆ دەرکەوێ. ئەویش لە قۆناغێکدا کە بێدادگای ڕژیم لە ئەهواز، حەفدە کرێکاری مافخوازی گرووپی میللیی فوولادی ئەهوازی بە “تاوانی” ناڕەزایەتی بەدژی گەندەڵی بەڕێوەران و ئاستی لەخوارێی حەقدەست بە حوکمی زندان و شەللاق مەحکووم کردووە. ئەم حەرەکەتە بێشەرمانەیە لەلایەن کرێکارانی نەوت بەنیشانەی ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ هاوچینەکانیان دەستبەجێ وڵامی پێدرایەوە. شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت و شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس) لە بەیاننامەکەی خۆیاندا لەژێرناوی “مەحکوومکردنی کرێکارانی ناڕازی لە گرووپی میللی، کردەوەیەکی وەحشیانە بەدژی هەموو کرێکارانە”. ڕایانگەیاند کە: „ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە دەنگی ناڕەزایەتیمان دژبە وەها ئەحکام و سزایەکی کۆنەپەرستانە هەڵبڕین. سزای شەللاق دەبێ بەیەکجاری قەدەغە بکرێت. کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی و ڕێکخراو مافی ڕەوای هەموو کرێکاران و خەڵکە. نابێ ڕێگە بدەین کەرامەت و مافی ئێمە کرێکاران بەمجۆرە کایەی پێبکرێت. باش دەزانین کە حکوومەت بە ناڕەزایەتیی ئێمە کرێکاران و خەڵک گەمارۆ دراوە و بەخاتری ئەوەیکە لە پەرەستاندنی ناڕەزاتیی سەرانسەریمان نیگەرانە، دەست بۆ ئەم کردەوە دژەکرێکارییانە دەبات. بەڵام نابێ ئیجازە بدەین و ئیجازەش نادەین. لە هەموو شوێنێک لە ئاستی سەراسەریدا ئیعتڕازی خۆمان بەرامبەر بەم حوکمە وەحشیانەیە دەربڕین و لە کرێکاران چالاکانە دیفاع بکەین”. بڵاوکرانەوەی ئەم بەیاننامەیە لە هەمان حاڵدا دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی کرێکارانی سەنعەتی نەوتە.
شەپۆلی تازەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری نیشانەی ئەو واقعیەتەیە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناش هەروەک ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و وەک بزووتنەوەیەکی بەهێزی سیاسی بەشێوەی بابەتی هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبە ڕژیم گۆڕیوە و بەستێنێکی گونجاوتری بۆ گەشەی خەباتی ئابووری و سیاسی فەراهەم کردووە. ئاخێزی سەرانسەری ژیناش بەستێنی گەشەی خەباتی ئابووری و سیاسیی کرێکاران و ئاخێزە ناڕەزایەتییەکانی دووبارە ئامادە و بەهێز کردووە. ئهم ئاخێزه نیشانی دا كه شهپۆلی خرۆشاوی خهباتی سیاسی، چلۆن دهبێته بزوێنهری بههێز بۆ خهباتی ئابووری و سیاسی و چلۆن ئاراستهی دهروونیی كرێكاران بۆ خهبات، پتهوتر دهكات.