فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەمارۆی نوێی پارلمانی ئۆکراین دژی کۆماری ئیسلامی
سێشەممە ۰۹-۰۳-۱۴۰۲   |  30-05-2023

ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان، پارلمانی ئۆکراین پاش ناردنی  پرۆژەیاسای دانانی گەمارۆ دژی کۆماری ئیسلامی، ٣٢٨ نوێنەری پارلمانی ئۆکراین ئەو پرۆژەیاسایەیان پەسەند کرد.
 گەمارۆکانی ئۆکراین دژی ڕژیمی ئیسلامی یەک ڕۆژ پاش هێرشی بەربڵاوی ڕووسیە و کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهد” بۆ سەر ئۆکراین لەلایەن پارلمانی ئۆکراینەوە پەسەند کرا.
جێگەی ئاماژەیە کە هێرشی دڕۆنیی ڕووسیە بە دڕۆنی جۆری شاهد کە دڕۆنێکی خۆتەقێنە، لە سەرەتای هێرشەکانی ڕووسیەوە بۆ سەر ئۆکراین، گەورەترین هێرشی دڕۆنی بۆ سەر کیێف بووە.
بەپێی ئەو گەمارۆیە، بازرگانیکردن بە کەرەستەی سەربازی و کاڵاهایەک کە هەم لە بواری سەربازی و غەیرەسەربازی بەکار دەهێنرێت، قەدەغە دەکرێت.
هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە ئابووری و داراییەکان بەرانبەر کۆماری ئیسلامی، ڕێگریکردن لە دەرچوونی سەرمایەی ئۆکراین بۆ ئێران و هەڵپەساردنی ڕێککەوتنە ئابووری و ماڵییەکان بە قازانجی دانیشتووانی ئێران بەشێک لەو گەمارۆوانەن کە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەسەند کراون.
میدیاکانی ئۆکراین ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، بڵاویان کردبووەوە، ڤێلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین، پرۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پارلمانی ئۆکراین کردووە کە تێیدا داوای گەمارۆی ٥٠ ساڵەی دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.