ڕۆژنامەی ئاڵمانی “بیڵد” بڵاوی کردووەتەوە کە گەورەترین باری ماددەی سڕکەر لە جۆری” هێروئین” کە ٧٠٠ کیلۆ بووە و لە ئێرانەوە هەناردە کرابوو، دەستی بەسەردا گرتووە. ئیدارەی پۆلیس و دەفتەری سەردۆزگەری گشتیی ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ١٨ی خەرمانان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانیان لە بەندەری هامبۆرگ دەستیان بەسەر گەورەترین باری ماددەی سڕکەر لە جۆری هێروئین کە ٧٠٠ کیلۆ بووە و لە ئێرانەوە بە شێوەی قاچاخ هەناردەی ئورووپا کراوە گرتووە. هەروەها ڕاشیانگەیاندووە کە ئەو بارە قاچاخە تا ئێستا گەورەترین باری قاچاخی ماددەی سڕکەر بووە کە ڕەوانەی ئورووپا کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” بیڵد” و لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بارە قاچاخەدا کە لە ئێرانەوە هەناردە کراوە تا ئێستا ٥ کەس دەسبەسەر کراون کە کەسێکیان خەڵکی ئێرانە و دەورونەخشی سەرەکیی هەبووە لە گواستنەوەی ئەو بارە قاچاخە لە وڵاتی هولەندەوە بۆ ئاڵمان.
لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوەکەی سەردۆەزگەری گشتیی ئاڵمان هاتووە کە، ئەو باندە مافیایەی کە لە گواستنەوەی ئەو بارە گەورەی “هێروئیندا” بەشدار بوون بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئێرانەوە ئەو ماددە سڕکەرەیان هێناوەتە ئاڵمان و ویستوویانە کە لە ڕێگەی “ئاڵمان”ەوە ئەو ماددە سڕکەرانە لە هەموو ئورووپا بڵاو بکەنەوە.
ئەوه یەکەمین جارە نییە کە ێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە ماددەی سڕکەر لە ڕێگەی قاچاخەوە هەناردەی وڵاتانی ئورووپایی دەکات و دەیهەوێت لە رێگەی هەناردەکردنی ماددەی سڕکەر و گرووپە تێرۆریستەکانەوە ئورووپا تووشی ئاڵوزی زیاتر بکا.