فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠١ و پەرەپێدانی گوشاری ئابوری بۆسەر کرێکاران، خانەنشینکراوان و موعەلیمان
یەکشەممە ۲۸-۰۹-۱۴۰۰   |  19-12-2021

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز دەقی گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠١ بڵاوکرایەوە. دەوڵەتی سێزدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی بەرزترین ئاستی بوودجەی ساڵی داهاتووی پتر لە ٣٦٠٠ هەزار ملیارد تمەن دیاری کردووە کە لەم ڕێژەیە ٢٢٠٠ هەزار ملیارد تمەن بوودجە بۆ شیرکەتە دەوڵەتییەکان و ١٥٠٥ هەزار ملیارد تمەنیش بۆ بوودجەی گشتیی دەوڵەت تەرخان کراوە. بەپێی وتەکانی ئیحسان سوڵتانی کارناسی ئابووری، دەقی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوو دەرخەری ئەوەیە کە دوورنمایەکی باش بۆ ئابووریی ساڵی داهاتوو پێشبینی ناکرێت. ئەم بوودجەیە تەنیا بۆ ناوەەندەکانی دەسەڵات، “خسوولەتی”یەکان و دەهەکە پڕ داهاتەکان بوودجەیەکی باشە، لەبەر ئەوەیکە ڕەوتی پەرەسەندنی تەوەرۆم درێژەی هەیە و ئەمەش بە قازانجی چینی سەرمایەدار و ناوەندەکانی سەر بە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە ئێرانە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە چوونەسەرەوەی ١٠ لەسەدیی حەقدەستەکان لەم بوودجەیەدا وتی: “لە حاڵێکدا کە قەبارەی بوودجەی گشتیی دەوڵەت نزیک بە ٦٠٠ هەزار ملیارد تمەن زیاد کراوە، دەبینین کە حەقدەستەکان تەنیا ١٠ لەسەد چوونەتە سەرێ واتە قەرار نییە ئەم ٦٠٠ هەزار ملیارد تمەنە بۆ واقعی سازیی حەقدەستەکان بخرێتە گەڕ”. ئەو هەروەها وتی: “بوودجەی ساڵی ١٤٠١ نیشانی دەدات کە ساڵی داهاتوو ئێمە لەگەڵ تەوەرۆمی ٤٠ لەسەدی بەرەوڕووین و ئەم ڕێژەیە لە بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان، ناتوانێ هەزینەی بنەماڵە دابین بکات و توانای کڕینی خەڵک ناچێتە سەرێ.” کەوابوو دەقی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠١ی دەوڵەتی سێزدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی نیشانی دەدات کە گوشاری ئابووریی  کرێکاران، خانەنشینکراوان، موعەلیمان و باقیی جەماوەری زەحمەتکێش، ڕەوتێکی ڕوو لە زیادبوونی دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە گەڵاڵەی بوودجەی دەوڵەتی سێزدەهەم لەخۆگری دوو گۆڕانکاریی گرینگە بۆ خانەنشینکراوان. یەکەم ئەوەیکە لانیکەم و لانیزۆری تەمەنی خانەنشینکراوان بۆ ٢ ساڵ زیاد دەکرێت. دووهەم ئەوەیکە لێکدانەوەی مووچەی خانەنشینکراوان لە گشت سندووقەکانی خانەنشینی لەجیات مامناوەندی ٢ ساڵی کۆتایی، بەپێی مامناوەندی سێ ساڵی کۆتایی کار دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە وەرگرتنی مووچە لەبری دوو ساڵی ئاخر دەبێتە سێ ساڵی ئاخر. لە گەڵاڵەی بوودجەی پەسەندکراوی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا هاتووە کە “بە مەبەستی پایدارکردنی سەرچاوەکانی سندووقی خانەنشینی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ەوە سەنەواتی خزمەتی قەبووڵکراو بۆ خانەنشینکراوانی ژن و پیاوی خاوەن بڕوانامەی کارناسیی موعتەبەر لە هەموو سندووقەکانی خانەنشینی لەوانە کیشوەری، لەشکری و سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، دوو ساڵ زیاد دەکرێت. لانیکەم و لانیزۆری تەمەنی خانەنشینی بۆ هەموو ژنان و پیاوان بە هەر ڕادەیەک لە پێشینەی خزمەت لە سندووقی تەئمینی ئیجتماعیدا، دوو ساڵ زیاد دەکرێت. حوکمی یەکلاکراوەی هەیئەتەکانی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچکاریی ئیداری بۆ خانەنشینکردن، ئەم حوکمەی بەرناکەوێت”.

بردنەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینکردن و گۆڕینی بنەمای لێکدانەوەی مووچە لە حاڵێکدا لە لایەن دەوڵەتەوە هاتووەتە ئاراوە کە زۆرێک لە سندووقەکانی خانەنشینی لە ئێران لەگەڵ  گەلێک قەیرانی جۆراوجۆر بەرەوڕوون. ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری بردنەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینییان لە گەڵاڵەی بوودجەدا نایاسایی ڕاگەیاندووە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێویستە ئەم بابەتە لە گەڵاڵەیەکی جیاوازدا تەحویلی مەجلیس بدرێت و پەسند بکرێت. سندووقی خانشینی لەوانە: لەشکری، کیشوەری و تەئیمینی ئیجتماعی وەک سەرەکیترین سندووقەکانی خانەنشینی، لە ڕێزی ١٧ سندووقی خانەنشینیی دیکە دان. هەموو ئەم سندووقانە لەگەڵ قەیرانی ماڵی بەرەوڕوون و درووست بەم هۆکارەیە کە دانی مووچەی خانەنشینکراوان دوا دەخرێت و یان وەک سندووقی خانەشینیی تەئمینی ئیجتماعی، ساڵەهایە خانەنشینکراوان لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی هاوسانسازیی و بردنەسەرەوەی مووچە دان. بۆ نموونە قەرزی دەوڵەت بە سندووقی خانەنشینیی تەئمینی ئیجتماعی پتر لە چوارسەد هەزار ملیارد تمەن بەرارد کراوە. دەوڵەتی سێزدەهەم لە گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠١دا بایەخ بەم قەرزە بەرینە نادات و بەگشتی یەکلاکردنەوەی قەرزی خۆی لەگەڵ سندووقی خانەنشینیی تەئمینی ئیجتماعی سڕیوەتەوە. ئەوەش لەحاڵێک دایە کە قەرار بوو دەوڵەت لەمساڵدا ٨٩ هەزار ملیارد تمەن لە قەرزەکانی خۆی بەم سندووقە بداتەوە، بەڵام ٩ مانگ تێپەڕیوە و هێستا ئەم قەرزانە نەدراونەتەوە. دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانێک کە داوێنگیری سندووقەکانی خانەنشینی بووە بەشێوەی یەکلایەنە تەمەنی خانەنشینی و بنەمای لێکدانەوەی مووچەی نەتەنیا بە زیانی ملیۆنان کەس لە هێزی کار، بەتایبەت کرێکاران و خانەنشینکراوان لەم گەڵاڵەیەدا گونجاندووە بەڵکوو بەقازانجی دەوڵەتیش گۆڕیویەتی.

لە حاڵێکدا کە سیاسەتی ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەوەرۆمی ڕوولەزیادبوون و حەقدەستی کەم، هەژاری و فەلاکەتی گەیاندووەتە ئاستێکی تاقەت پڕووکێن، ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری درێژەی هەیە. لە ماوەی ڕووژان و حەوتووەکانی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس لە موعەلیمان و فەرهەنگییان لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان، دژبە هەڵاواردن و لەپێناو خواستی بردنەسەرەوەی مووچەی موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو و هەروەها بۆ بەکردەوەدەرهێنانی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەیی سەبارەت بە زەمانەت کردنی فێرکاریی بێبەرامبەر بۆ ملیۆنان خوێندکار، درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا. بوودجەی دەوڵەتی سێزدەهەمی ئیبراهیم ڕەئیسی هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە ڕێژەی تەوەرۆم و هەژاری و بێکاریی دەباتە سەرێ، بوودجەی ساڵی داهاتووی سپای پاسداران دەگەیەنێتە ٩٢ هەزار و ٨٨٣ ملیارد تمەن، واتە لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٤٢ لەسەد زیاد دەکرێت. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە نەتەنیا هێڵی هەژاریی گەیشتووەتە سەرووی ١٢ ملیۆن تمەن بەڵکوو چینی کرێکار و کەسانێک کە لەگەڵ سازمانی تەئمینی ئیجتماعی سەروکاریان هەیە بەهۆی بێکاری، تەوەرۆم و چکۆلەتر بوونەوەی سەبەدی بژێویان، بەرەوڕووی کێشەی جیددیی ماڵی بوونەتەوە و توانای دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی خۆیان و بنەماڵەیان نییە. بەسەرەنجدان بەوەیکە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان و فەرهەنگییان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران  لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری درێژەی هەیە، پەیوەنددانی ئەم خەباتە لەڕێگەی هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە، دەتوانێ مێکانیسمێکی گونجاو بێت لە خزمەت سەرتاسەری بوون و یەکپارچەیی ئەم خەباتەدا.