لە سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی “ژینا” و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێران و لە درێژەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی گەلاوێژ بۆ جارێکی دیکە چەندین شار بوون بە مەیدانی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی خانەنشینان دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی. ئەم ناڕەزایەتییانە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچن کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم نیگەران لە گەڕانەوەی ناڕازییان بۆسەر شەقام، دەستیان داوەتە کردەوەی ئەمنیەتی و پێشگرانە بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک. بەڵام توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەستاندنی گرانی و هەژاری، ژیان و گوزەرانی خانەنشینانیشی وەک زۆرێک لە توێژەکانی تری کۆمەڵگا زیاتر لە ڕابردوو بەرەو هەژاری و فەلاکەت بردووە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیمی شکستهێناوی ئیسلامی بۆ جارێکی تر بەتەمای تاڵانکردنی زیاتری سندووقەکانی خانەنشینییە. بەڵام بەپێچەوانەی دژایەتی و ڕێگریی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕژیم، خانەنشینان بەهۆی هەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆیان هەتا ئێستا توانیویانە ناڕەزایەتییەکانیان هاوکات لە شارەکان لەپێناو وەدیهاتنی خواستەکانیان بەردەوام بەڕێوەبەرن.
لەم ڕۆژەدا خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی شووش، کرماشان، ئەهواز، شووشتەر و چەند شوێنی تر بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشم لە ناڕەزایەتی بە ئەوزاعی نالەباری مەعیشەتی و بایەخنەدانی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی بە خواستەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانیان بەرپاکرد. هاوکات خانەنشینانی سندووقی فوولادی ئیسفەهانیش لە بەرامبەر بینای “سندووقی خانەنشینی”ی ئەمشارە دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ناڕەزایەتیی خانەنشینان لەم ڕۆژە دا لە دژایەتی لەگەڵ گەڵاڵەیەک بووە کە دەوڵەتی وەرشکستەی ڕەئیسی بە ئامانجی دابینکردنی کەسری بوودجەی ٤٥٠ هەزار ملیارد تمەنیی خۆی لەمساڵدا، بەنیازە بە تاڵانکردنی زیاتری سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی، ١٨ سندووقی خانەنشینی تێکەڵ بە یەک بکات. لەم پێوەندەدا یەکێک لە خانەنشینان لە ناڕەزایەتی بە تاڵانکردنی دارایی خانەنشینان لەلایەن حکوومەتەوە وتی: ”لەماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا هەر دەوڵەتێک هاتووەتە سەر کار لە خانەنشینان دزیی کردووە”. لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا خانەنشیان لە ئیعتڕاز بە تاڵانکرانی داراییەکانیان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە ئەم دروشمانەیان وتەوە: ”دەوڵەتی وەرشکستە، دوژمنی بازنشستە”، دەوڵەت خەیانەت دەکات، مەجلیس حمایەت دکات”، “خانەنشین ڕاپەڕە بۆ نەمانی هەڵاواردن”، “تاکەی شەرمەزاری، یان مردن یان ژیان”. ئەوان هەروەها وەک ڕێگاچارە، دروشمی بەناوبانگ و هەمیشەتی خۆیان وتەوە و هاوریان کرد: “تەنها لەسەر شەقامەکان، دەگەین بە مافمان”.
لەلایەکی دیکەوە هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا کرێکارانی ناوەندی پێترۆشیمی لە شاری “چەوار”ی پارێزگای ئیلام لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکرانی خواستەکانیان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی، بۆ جارێکی تر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری هەمسانسازی و بردنەسەری حەقدەست و بەڕێوەبردنی خێرای گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان بوون. گەڵاڵەیەک کە چەندین مانگە بەڕێوەبەری ناوەندی پێترۆشیمیی حکوومەتی وەرشکستەی ئیسلامی بە وادە و بەڵێنی پڕوپووچ کرێکارانی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە. کرێکاران هۆشداریان داوە کە “بەم حەقدەستە کەمە ناتونن پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن”. بەداخەوە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و کێشەی گوزەرانی کرێکاران لەم ناوەندە دەوڵەمەندە، هێندە بەرین بووەتەوە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا سێ کرێکار کە پێشتر بۆ ماوەیەکی زۆر لەم ناوەندەدا کاریان کردبوو دەستیان داوەتە خۆکوژی.
هەڵبەت تەنها کرێکارانی خانەنشین نین کە لەگەڵ ئاکامەکانی قەیرانی ئابووریی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری بەرەوڕوون. باقیی کرێکارانیش لە بەشە خسووسی و دەوڵەتییەکان لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەستاندنی گرانی و تەوەرۆم، چوونەسەری بەردەوامی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، ژیان و گوزەرانیان کەوتووەتە مەترسییەوە. کارگێڕانی دز و گەندەڵی حکوومەتی دژەکرێکاری ئیسلامی، کە لەڕێگەی تاڵانکردنی بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی کرێکاران، خۆیان و ئاغازادەکانیان ژیانێکی ئەعیانییان لە دەرەوەی وڵات پێکهێناوە، بایەخ بە خواستی کرێکاران و خانەنشینان نادەن. بۆ نموونە مورتەزەوی وەزیری دزی بەناو “کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” و سەرۆکی شۆرای باڵای کاری ڕژیم و سەرۆکی پێشووی سازمانی ئەموال و ئەملاکی بۆنیادی مافیایی موستەزعەفان، لە کاتی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان بەڵێنی دابوو کە ئەگەر لەمساڵدا تەوەرۆم دیسان بچێتە سەرێ، پێداچوونەوە بەسەر ئاستی حەقدەستەکاندا دەکات. بەڵام ڕۆژی ٢١ی مانگی گەلاوێژ لە بەرابەر خواستی کرێکاران بۆ بردنەسەری حەقدەستەکان، ئەوانی بە “وتووێژ لەگەڵ خاوەنکار” حەواڵە کرد. ئەم وەزیرە فریوکارەی ڕژیم لە بارودۆخێکدا کە گوشاری تەوەرۆم و گرانی لەسەر ژیانی کرێکاران بەوپەڕی خۆی گەیشتووە، دەڵێ: ”بەپێی یاسا تەنها یەکجار لە ساڵدا ئیمکانی بردنەسەری حەقدەست بوونی هەیە، بەڵام کرێکاران دەتوانن لەمبارەوە لەگەڵ خاوەنکار وتووێژ بکەن”. لەو جێگەوە کە حکوومەتی ئیسلامی و سەرمایەداران خۆیان بەشێک لە سەرمایەدارانن، ئاساییە کە نیگەرانی خاوەنکار و سەرمایەداران بن و دژبە بەرژەوەندی کرێکاران دەست بکەن بە درۆ و پیلانگێڕی. ئەم شانهەڵتەکاندنەی وەزیری کاری ڕژیم بۆ کرێکاران لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی حکوومت هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن. قیمەتی کیلۆیەک گۆشت باڵای نیو ملیۆن تمەنە. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی گشت حەقدەست و مەزایای کرێکارانی نزیک بە ٨ ملیۆن تمەن دیاری کردووە.
ئەوەیکە خانەنشینان لە شارەکانی ئێران بەرەو ناڕەزایەتی لەسەر شەقامەکان دەبات، ڕیشەی لە قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری، گرانی و تەوەرۆم و قووڵبوونەوەی بۆشایی چینایەتی دایە. خانەنشینان کە زۆربەی تەمەنییان بە فرۆشتنی هێزی کار و بە تەحەمولی ڕەنج و زەحمەت تێپەڕاندووە، ساڵەهایە لە جیات حەساندنەوەی جەستە و دەروونیان لە قۆناغی بەساڵاچووییدا، مەجبوورن بۆ دیفاع لە خۆیان لە بەرامبەر حاکمانی فریوکاری دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران، بێنە سەر شەقامەکان، کۆببنەوە و دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبرن. بەڵام خانەنشینان لەم تەمەنەشدا لە بەرامبەر هێرشی حکوومەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ئیعتڕازاتی بەردەوامی خۆیان ئەم ڕژیمەیان خسووەتە ژێر گوشارەوە و هەروەک لە دروشمەکانیاندا هاوار دەکەن بڕیاریان داوە “تا بە مافیان نەگەن – بۆ ساتێک پشوو نەدەن”. لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و جەماوەری ستەمدیدە و زەحمەتکێش، لەم خەباتەدا بەتەنهایان نەهێڵنەوە و پشتیوانیان بن. خەباتی خانەنشینان بەشێکی کاریگەرە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و هەتا ڕووخانی یەکجاریی ڕژیمی ئیسلامی ڕاناوەستێ.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە