یەکیەتیی سەرانسەری خانەشنیان لەڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەیەکەوە ڕۆژی شەممە ٢٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ بۆ جارێکی تر ڕێکەوتنی پشتی پەردەی سازمانی تەئمینی ئیجتماعیی لەگەڵ “ناوەندەکانی کرێکارانی خانەنشین” کە ڕێکخراوێکی زەردی دەوڵەتییە ئاشکرا کرد. دوای ئەوەیکە بەڕێوەبەری گشتیی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی ڕایگەیاند کە ناوەندەکانی خانەنشینی لەسەر بەرنامەی حەوتەمی تەوسەعە بەڕێکەوتن گەیشتوون، یەکیەتیی سەرانسەری خانەنشیان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:
“یەکەم، بەڕێوەبەری سازمانی تەئمینی ئیجتماعی بەتەواوی ئاگاداری ئەوەیە کە نە ئەندامی “ناوەندی باڵای کرێکارانی خانەنشین” و نە “مودیرانی ناوەندەکانی شار” نوێنەری هەموو خانەنشیانی تەئمینی ئیجتماعی نین. مودیرانی ئێستای ناوەند یان کانونەکان بەلانیزۆر نوێنەری یەک یان دوو لەسەدی خانەنشیانی تەئمینی ئیجتماعین، ئەوان بەگشتی لە هەڵبژاردنێکی غەیری ئازاد بەپێی ئەساسنامەیەکی بێ کەڵک، بە کەمترین ژمارەی خانەنشینان هەڵبژێردراون.
دووهەم، بە فەڕزی مەحاڵ، ئەگەر مودیرانی کانونەکان لەلایەن زۆربەی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعییەوە هەڵبژێردرابن دیسانیش مافی وەها ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ سازمان نییە و هەرجۆرە ڕێکەوتنێکی ئەوان چ ئاشکرا و چ نهێنی ناتوانێ بەمانای ڕەزامەندبوونی خانەنشینان بێت و نادروستە.
سێهەم، مافی وەها ڕێکەوتنێکی گرینگ و ستراتێژیک، لە ئەساسنامەی ئێستای کانونەکاندا نییە تا ببێتە بەشێک لە ئەرکی مودیرەکانیان. نە کانونی باڵا و نە مەجموعی کانونەکان مافی وەها ڕێکەوتنێکیان نییە”.
یەکیەتیی سەرانسەری خانەنشینان لە بەشێکی تر لە بەیاننامەکەدا ڕایدەگەیەنن:
“لەئێستادا لە سەروبەندی پەسندکرانی گەڵاڵەی بەرنامەی حەوتەمی تەوسەعە، مودیرانی کانونی باڵای خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لەحاڵی ئەنجامدانی سات و سەودایەکی دیکەدان. سات و سەودایەک کە لە ئەساسدا باتڵە. ئێمە خانەنشینان بۆ چەند سەدومین جار ڕایدەگەیەنین: لە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی و لە “ناوەندی باڵای خانەنشیان” چ دەگوزەرێ کە دژبە ملیۆنان کرێکار و خانەنشین گفتوگۆ دەکەن و بڕیار دەدەن؟ نە داگیرکەرانی کورسیەکانی ناوەندەکان و نە ناوەندی باڵا، نوێنەری ٤ و نیو ملیۆن خانەنشین و ٩٠٠ هەزار بازماندەی خانەنشیان نین و بەڕێوەبەری سازمان حەقی نییە ئەوان بە نوێنەری خانەشینانی گشت وڵات بناسێنێت. مودیرانی کانونەکان بەگشتی لەلایەن کۆمەڵێکی بچووک لە ئەندامانی کانونەکان کە خۆیان دەست و پەیوەندی مودیرانن، دەچنە کانونەکانەوە. ئەوان لەم پێکهاتە تەواوەن عەیبدارەدا شیرکەتدار و کارخانەدارانێکن کە لەگەڵ وەزارەتخانە و شوێنەکانی تر لە پەیوەندیدان.
مودیری کانونەکان نەتەنیها هەتا ئێستا نەیانویستووە و نەیانتوانیوە لە بەرژەوەندی خانەنشیان دیفاع بکەن بەڵکوو بەناوی خانەنشینانەوە لەپاڵ مودیرانی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، دژبە کرێکاران و خانەنشیان، بەردەوام هاوڕێی کاربەدەستانی دەوڵەت بوون. هەواڵی پێوەندیدار بە بەڕێوەبەری گشتیی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی پیلانی مودیرانی کانونەکان و کانونی باڵای ئاشکراکرد. ڕیاکاری و دووڕووییان دەرکەوت کە چۆن پشتی پەردە، بە تەئکید لەسەر بەرنامەی دژەکرێکاری و دژەخانەنشینیی دەوڵەتەکان، خەنجەر لە پشتی ملیۆنان کرێکار و خانەنشین دەدەن. یەکیەتیی سەرانسەری خانەنشینان لە دوایین بەشی بەیاننامەکەیدا بۆ جارێکی تر تەئکیدی کردەوە کە: “مودیرانی ئەم کانونانە بەم ئەساسنامە عەیبدار و بەم هەڵبژاردنە نادروستەیان، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرانی کرێکارانی خانەنشین نین و بەڕێوەبەری گشتی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی مافی ئەوەی نییە ڕێکەوتنی بێ بایەخ و پاساوهەڵنەگر و نایاسایی وەک بەڵگە بناسێنێ. بەداخەوە دەیان ساڵە لە چالاکیی ڕێکخراوی ڕاستەقینەی کرێکاران و خانەنشیان ڕێگری دەکرێت. ئەگەر ئەوان هەبووایەن دەیانتوانی وەک نوێنەرانی واقعی، هاوڕێ لەگەڵ چینی کرێکار دژایەتیی ئەمجۆرە گەڵاڵانە بکەن. تا کاتێک کە پەیڕەوی کانونەکان نەگۆڕدرێت و خانەنشینان سەرانسەری ئێران نەتوانن مودیرانی کانونەکان و کانونی باڵا هەڵبژێرن، مودیرانی کانونەکان نوێنەری خانەنشیان نین. هەرجۆرە بەڵگەهێنانەوە و ئیستناد بە بۆچوونی کانونەکان و بە ڕێکەوتنەکانیان لەگەڵ کانونی باڵای کرێکارانی خانەنشینی تەئمینی ئیجتماعی لە بنەڕەتدا نادروست و پاساوهەڵنەگر و نایاساییە”.
بەیاننامەی یەکیەتیی سەرانسەریی خانەنشیان نیشانەی ئەم ڕاستییەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم دەسەڵاتە کەمینە و زەرووسفەتەی سەرمایەداران هەروەک چۆن لەگەڵ لاویەتی و شادی و بەختەوەریی زۆربەی کۆمەڵگە دوژمنە لەگەڵ خانەنشینانیش ڕەفتارێکی دژەئینسانی و تێکەڵ بە سووکایەتیی گرتووەتە بەر. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی داناسەپێنێت، بەڵکوو بەپێی تەمەنیش هەڵاواردن دادەسەپێنێ و خانەنشینانی لە لانیکەمەکانی ژیان بێبەری کردووە. ئەم ڕژیمە نەتەنیا داخوازیی ڕەوای خانەنشینان پشت گوێ دەخات، بەڵکوو بە سات و سەودا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی “کانونەکانی خانەنشینی” واتە ئەم ڕێکخراوە زەردە دەوڵەتییانە، بۆ تەفرەقەنانەوە لەناو ڕیزی خانەنشینان و بۆ تێکشکاندنی خەباتی ڕەوایان پیلانگێڕی دەکات.
کەوابوو ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. هەر ئەم حەقیقەتە سادەیە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانەی خانەشینانی هێناوەتە بەرەوە. درێژەی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان نەتەنیا دەستیان لەسەر دەست دانەناوە، بەڵکوو بە ئیعتڕازاتی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان ڕۆڵێکی بەرچاویان بووە لە پەیوەنددانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خانەنشینان لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژن ژیان ئازادییەوە دەستیپێکردووە. پێویستە لە داخوازی و خەباتی خانەنشینان لێبڕاوانە پشتیوانی بکەین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە