فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

یەکێکی تر لە خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا
دوشەممە ۱۸-۰۷-۱۴۰۱   |  10-10-2022

یەکێک لە خۆپیشاندرانی خەڵکی سەقز بە ناوی ئیسماعیل دزوار، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزەکانی رژیم، گیانی لەدەستدا.
کاتژمێر ٢٣ی شەوی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی رژیم کە جلوبەرگی ئاساییان (لیباس شەخسی) لەبەردابووە، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شیفای سەقز گواستووەتەوە.
بەوتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی شیفا، ئیسماعیل دزوار بەهۆی ئەشکەنجەی سەختەوە گیانی لەدەستداوە و ئاسەواری شینبوونەوە و شکان بە جەستەیەوە بەتایبەتی لەسەر سینگی دیاربووە.
ئەم سەرچاوەیە، لە درێژەدا ڕاگەیاند : “هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ساڵۆنی ڕادیۆلۆژی نەخۆشخانە و لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم نەخۆشخانە وتوویانە، کە هۆکاری مردنی ئیسماعیل بە ڕووداوی هاتووچۆ بنووسن، کە کاربەدەستانی نەخۆشخانە بەتوندی ڕەدیان کردووەتەوە.”
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرانە نەخۆشخانە بە هێزەکانی ئیتڵاعاتیان وتووە: “ئەم کەسە بەبێ هەبوونی هیچ نیشانەیەکی ژیان هێنراوەتە نەخۆشخانە، ناگونجێت هۆکاری مردنەکەی ڕووداوی هاتووچۆ بێت، بە دڵنیایەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە”.
دوای دژایەتی کردنی توندی بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شیفا، لەگەڵ داواکارییەکەی هێزە جینایەتکارەکانی رژیم، ئەم هێزانە کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بێ ئیزنی نەخۆشخانە دزیوە و بە هاوکاری هێزەکانی ئاگر کوژێنەوە، هەر ئەو شەوە ناشتوویانە.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیم، رۆژی دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەر، بنەماڵەی دزواریان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە ڕووداوی هاتووچۆ ڕابگەیێنن و لە پرسەنامەکەشی و لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هۆکاری مردنی ناوبراویان ڕووداوی هاتووچۆ نووسیوە. شایانی باسە کە برای هاوسەری ئیسماعیلیش بە ناوی زانیار حوسێن زادە هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەرکراوە.