لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی کرماشان، کامێران، سونقوڕ، سەقز و ئیلام بە هۆی کێشەی ئابووری هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژ، عیرفان بەکری تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ئیلام، بە هۆی کێشەی ماڵی و ئابووری دوای دەرکرانی لە سەر کار لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی عەلی مەجیدپوور بە هۆی کێشەی دەروونییەوە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لاوێکی خەڵکی شاری کامێران بە ناوی محەممەد تاقەتی تەمەن ٢٣ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە و دانیشتووی کرماشان بە ناوی فازڵ حەسەنی لە حەوشەی ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی فەیزاوای کرماشان بە هۆی بێکاری و هەژاری خۆی هەڵواسیوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ، کەم ئەندامێکی شەڕی ئێران و عێراق بە ناوی خەسرەو یاری لە شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.
بێگومان حکوومەتی ئیسلامی کە ناتوانێ کار و ئیمکاناتی ژیان بۆ خەڵکانکی ئێران و کوردستان دابین کا بەرپرسی سەرەکی ئەم کارەساتانەیە کە لە شارو شارۆچکە و گوندەکانی اەراسەری ئێران لە ئارادایە.