سەرەڕای بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لە عێراق، لایەنگرانی ”موقتەدا سەدر” و لایەنگرانی ”چوارچێوەی هاوئاهەنگی” کە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ڕۆژی هەینی ٢١ی گەلاوێژ دوو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، چەند هەزار کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر کە نزیکەی دوو حەوتوویە لە مانگرتن لە پارلمان و دورووبەری بەردەوامن، بۆ جارێکی دیکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان ڕۆژ لایەنگرانی ”چوارچێوەی هاوئاهەنگی” بە دژی لایەنگرانی سەدر ڕژانە سەر شەقام.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بانگەوازی کردووە کە لایەنگرەکانی لە هەموو شارەکانەوە پەیوەست بە خۆپیشاندەران لە بەغدا ببن و لە ناوچەی سەوز مانگرتن بکەن. هەروەها مۆقتەدا سەدر داوای لە دەزگای دادوەریی عێراق کردووە کە پارلمانی ئەو وڵاتە هەڵبوەشێنێتەوە و مۆڵەتەکەی بۆ حەتووی داهاتوو دیاری کرد.