“مەعمەر ئەلئەڕیانی” وەزیری ڕاگەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکانی” یەمەن، لەگەڵ ئاماژە بە دانپێدانانی تۆڕێکی دەسبەسەرکراوی حووسییەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ڕۆڵیان لە قاچاخی چەکوچۆڵ لە “بەندەرعەباس” بۆ یەمەن” داوای لە شۆرای ئەمنییەت و کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە پێش بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بگرن. “ئەلئەڕیانی” وتوویەتی کە ئەو تۆڕە پێکهاتووە لە چوار کەس کە مەلەوانن و بەشداریان لە ڕاگواستنی چەکۆچۆڵی قاچاخ لە “بەندەرعەباس” بۆ “بەندەرئەلحەدیدە”دا هەبووە.
ناوبراو هۆشداریی داوە کە ڕژیمی ئیسلامی لە درێژەی پشتیوانییەکانی لە حووسییەکان، یاسا نێونەتەوەییەکانی خستووەتە ململانێ و بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی لەو پەیوەندییەدا پێشێل کردووە. وەزیری ڕاگەیاندنی هەواڵ وزانیارییەکانی “یەمەن” داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، شۆرای ئەمنییەت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە سەرەڕای مەحکوومکردنی سیاسەتە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە بیخەنە ژێر گوشاری چڕوپڕەوە و لەگەڵی ڕووبەڕو ببنەوە.