فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“بەرەی موقاومەت” پاشەکشەی کرد، بەڵام خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستان هەر درێژەی هەیە
دوشەممە ۰۲-۱۲-۱۴۰۰   |  21-02-2022

کاتێک ئەمریکا بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕ لەئەفغانستان کشایەوەو بەدەستی ئاوەڵە دەیان ملیار دۆلار چەک و چۆڵی پێشکەوتووی بۆ تاڵەبان بەجێهێشت، رەوتی سەر بە رۆژئاوای لەچەشنی “بەرەی موقاومەت” بەرێبەرایەتی ئەحمەد مەسعود هات و هەرایەکی زۆری لەژێرناوی بەرگری لەئەفغانستان، بەرگری لەژنان و خەڵکی بەندکراوی نایەوە، بۆ ئەوەی بەشێک لەدەسەڵات و سامانی ئەفغانستانی دەستبکەوێ. سەرەڕای ئەوەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا شکستی لەئەفغانستان و بێ ئاکام مانەوەی پڕۆژەی “رۆژهەڵاتی گەورەی” پێ ناخۆش بوو، بەڵام بایەخێکی بە “بەرەی موقاومەت” بەرێبەرایەت ئەحمەد مەسعوود نەداو لەگەڵ تاڵەبان رێکەوت. رەوتی ناسراو بە “بەرەی موقاومەت” نوێنەرایەتی رەوتەکانی سەر بە رۆژئاوای لەناوخۆ و لەدەرەوەی ئەفغانستان دەکرد. ئەم رەوتە ژوومارەیەک لەخەڵکی کردە قوربانی و بێ سپایی پاشەکشەی کرد. رێبەرایەتی ئەو رەوتە، واتە ئەحمەد مەسوود بۆ ئەوروپا گەڕایەوە کە لەوانەیە لەداهاتوودا بەکەڵکی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەمپریالیستی بخوات. ئەوە لەکاتێکدایە کە ژنانی ئەفغانستان هەروا بەورەیەکی بەرزەوە خۆڕاگری خۆیان دژ بەدەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی تاڵەبان و جەنایەتەکانی درێژە پێ دەدەن.

بەپێی راپۆڕتەکان، ماوەیەک لەوەپێش چوار ژن و هەڵسووڕاوی مەدەنی لەشاری مەزار شەریف لەلایەن تاڵەبانەوە درانەبەر دەسڕێژی گولە. تەرمی ئەم ژنانە لەچاڵێکدا لەشارۆچکەی خالد بێن وەلید دۆزرایەوە کە لەناوەندی شاری مەزارشەریف هەڵکەوتووە. هەروەها لەباکووری ئەفغانستان هەڵسووڕاوێکی ٢٩ ساڵەو مامۆستای ئابووری بەناوی فروزانی سادقی کەوتە بەر دەسڕێژی گولەو گیانی لەدەستدا. ریتا، خووشکی فروزان وەکوو دووکتەرێک دەڵێت: ” فروزان، لەدوای بێ سەروشوێن بوونی ،لەرۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر لەساردخانەی شاری مەزار شەریف دۆزرایەوە. بەجل و بەرگەکەیدا ناسیمانەوە. ئەوەندەی گولەی لێدرابوو کە رووخسرای نەدەناسرایەوە. چەندین گولە لەسەری، دڵی، سنگی، گوچیلەی و لاقی درابوو. برینەکان مەزەندە نەدەکران.”

هەڵسووڕاوێکی دیکەی بزووتنەوەی ژنان بەنازراوی زارا، یەکێک لەرێکخەرانی خۆپیشاندانی مەزارشەریف لەدژی دەسەڵاتی تاڵەبان لەخۆپیشاندانەکەدا لەگەڵی هاوڕێ بوو. ناوبراو لەوتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا رایگەیاند: “تەقەکردن لەرووخساری ژنان رووداوێکی بەهەڵکەوت نییە. ئەمە سەمبولی دژایەتی دەسەڵات لەگەڵ ئەو ژنە تێکۆشەرانەیە کە تەنانەت لەناو و ناسنامەشیان دەترسن. دۆزینەوەی ناسنامەی تەرمەکان لەرووی جل و بەرگ، لەنێوبردنی تەرمەکان و چاڵکردنیان لەگۆڕی بەکۆمەڵ بەدرێژایی خەباتی کۆڵنەدەرانەی خەڵک لەدژی ستەمگەری لەئەفغانستان رووی داوە. بەم جەنایەتە دیانەوێ نیشانی بدەن کە مل بەهیچ جۆرە خۆڕاگرییەک نادەن.

جێگای خۆیەتی پەردە لەسەر رووخساری دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا لاببەین کە دیعایەی مافی مرۆڤ دەکەن. ئەمە پێویستە بکرێت بە بەشێک لەووشیاری چینایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەووڵاتانی وەک ئێران و ئەفغانستان. تەجرەبەی سیاسەتەکان دەوڵەتانی رۆژئاوایی لەسەر کێشەی خەڵکی ئەفغانستان پێمان دەڵێت کە پێویستە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم ووڵاتانە بەهێزی لەبن نەهاتووی خۆیان پشت ببەستن و هیچ هیوایەک بەدوڵەتانی زلهێزی رۆژئاوایی نەبەستن. هیوابڕین بەدەوڵەتانی ئەمپریالیستی بێجگە لەشکست و بێ ئاسۆیی هیچی تری بەدواوە نییە. چوونکە تاوانەکانی تاڵەبان لەدژی ژنان دیاردەیەکی نوێ نییە. سەیر لەوەدایە کە ماس میدیاو چاپەمەنییەکانی ئەم دەوڵەتانە دان بەکردەوەکانی تاڵەبان لەدژی ژنان لەئەفغانستان دەنێن. بۆ وێنە لێبوردنی نێونەتەوەیی رایگەیاند کە لەدوای زاڵبوونی تاڵەبان بەسەر ئەفغانستاندا، خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو ژن و کچانە نەماوە کە دەبنە قوربانی تووندوتیژی. لێبوردنی نێونەتەوەیی لەلێکۆڵینەوەیەکیدا لەگەڵ ٢٦ قوربانی تووندوتیژی لەویلایەتەکانی بادغیس، بامیان، دایکەندی، هەرات، کابۆل، کەندوز، نەنگەرهار، پەکتیکا، سەریل و تەخار کردووە. ئەو لێکۆڵینەوەیە دەریخسووتە کە دوای کرانەوەی زیندانەکان و ئازادبوونی زیندانییەکان زۆربەی بەڕێوبەرانی ئەو تووندوتیژییانەش لەزیندان مەرەخەس کراون. ئەگنەس کالمار، سکرتێری گشتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانی خۆی لەوبابەتەوە دەربڕیوەو رایگەیاند: “هەموو یارمەتییەک بەقووربانیانی تووندوتیژی رەگەزی لەئەفغانستان وەستاوە. تۆڕەکانی پشتیوانی لەو ژنانەو پەناگەکانیان نەماوە.” ئەوە لەکاتێکدایە کەهەژاری لەئەفغانستان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێ و خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی ژیانیان گورچیلەی خۆیان و منداڵەکانیان بفرۆشن. ئاشکرایە کە قوربانیانی سەرەکی ئەو بارودۆخە نالەبارە ژنان و کچانن. 

سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەمڕۆکە دەبینین کە ئەو هێزەی هێشتا لەناوخۆی ئەفغانستان لەبەرانبەر دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی تاڵەباندا خەبات دەکات، ژنانن. ئەو دەسەڵاتەش لەهیچ جەنایەتێک دژ بەژنان سڵ ناکات. لەکاتێکدا ژنان لەرۆژی ١٤ی مانگی بەفرانباردا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خۆیان بەڕێوەبرد کە دەسەڵاتی ئیداری تاڵەبان فەرمانێکی نوێی دەرکردووە. بەپێی ئەو فەرمانە ژنان بۆیان نییە سەفەر بۆ شوێنێک بکەن کە ٧٨ کیلومەتەر دوور بێت لەشوێنی ژیانیان. لەراستیدا ئەو کۆبوونەوەیە دژ بەو بڕیارە بەڕێوەچوو. لەبەشێک لەبڕیارنامەی خووپیشاندەراندا هاتووە: “داوا لەکۆمەڵگای جیهانی دەکەین گوێمان لێ بگرێ و هەتا ئەم گروپە، واتە عەمارەتی ئیسلامی خۆی نەگەڕێوە، بەفەرمی نەناسن.” با بزانین بڵێندگۆکانی دیموکراسی چ وەڵامێکیان بەداخوازی رەوی ژنانی ئەفغانستان دایەوە. کابینەی نۆروێژ بەرەو پێشوازی تاڵەبانەوە چوو کە ١٩ نەفەر لەئەندامانی ژنن. لەکاتێکدا کە تاڵەبان نەیتوانیوە ژنانی ئەفغانستان بترسێنێ، رۆژانە کەسانی وەکوو زەڕیاب پەریانی و پەروانە برایم خەلیل دەڕفێنن و هەوڵ دەدەن ژنان لەهەموو بووارێکی کۆمەڵایەتی وەلابنێن و هیوا بەگۆڕانکاری وشک بکەن. ئەگەر بڕیار بووایە تاڵەبان بەئاگر و ئاسن ژنان کۆیلە بکات، خۆ ژنان لەسەر شەقام و لەریزی پێشەوەی ئەم خەبات و بەرەبەرەکانێدا نەدەمانەوە. لەوانەیە تاڵەبان بتوانێت لەژێر سێبەری دەوڵەتانی ئەمپریالیستیدا بۆ ماوەیەک درێژە بەدەسەڵاتی خۆی بدات، بەڵام گومانی تێدا نییە کە هەر ساتێکی ئەم دەسەڵاتە جیهادییە بەرەوڕووی خۆڕاگری بووێرانەی ژنانی ئەفغانستان بێتەوە.