سه‌لاح مازوجی
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: عه‌لی شه‌ریفی
له‌م دواییانه‌دا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، له‌ڕێی نووسراويهك به ناوی "له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"، سه‌ردێڕی بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانی رێكخراوه‌كه‌ی بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه(رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)،له ئاستی عه‌له‌نیدا بڵاو كردووه‌ته‌وه. ههرچهرند ڕاگه‌یاندنی ئه‌م بۆچوونانه له یه‌كه‌م ڕوانیندا، له وهرسووڕانێكی سیاسیی له هه‌ڵوێسته‌كانی هه‌تا ئێستای ئه‌م ڕه‌وته ده‌چێت، به‌ڵام دوای هه‌ندێ لێوردبوونه‌وه له‌م نووسراوه و هه‌ڵبه‌ت گفتوگۆیه‌كیش كه عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردستان ٢٤ له ڕێكه‌وتی ٢٣ی ژۆئه‌ندا كردوویه‌تی و به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له كارنامه‌ی شازده ساڵه‌ی ئه‌م ڕه‌وته، ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌م هه‌وڵه‌شیان هه‌ر له‌درێژه و هاوئاراسته له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی هه‌تا ئێستا و ناكامییه سیاسییه‌كانی ئه‌م ڕه‌وته دایه. نووسه‌ری "له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"، سه‌ره‌ڕای زانياری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌وه‌كه هه‌تا ئێستا چ سیاسه‌تگه‌لێكی زیانباری له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا گرتووه‌ته‌به‌ر، داوای كردووه كه له تاوتوێكردنی ئه‌م ته‌وه‌ره‌دا "كای كۆن زۆر به‌با نه‌كرێت". به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، نه كۆمه‌ڵه و نه خه‌ڵكی كوردستان و نه چاودێرانی سیاسیش ئه‌مجۆره داواكارییانه به‌هه‌ند وه‌رناگرن. تێكڕای ئه‌زموونه مێژوویه‌كان و وانه‌كانی مێژووی سێ چوار ده‌یه‌ی ڕابردووش ئه‌وه‌ی فێری هه‌مووان كردووه كه كه‌سه‌كان نه‌ك له‌ڕووی ئیددیعای قوورس و قه‌به‌یان، به‌ڵكوو له‌ڕووی كردهوهیانهوه هه‌ڵبسه‌نگێنن، لهبهرئهوهكه ته‌نها پڕاتیك پێوه‌ری هه‌قیقه‌ته. له‌ڕووی پڕاتیكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕه‌وته سیاسییه‌كانه‌وه ده‌توانرێت دۆستانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك له دۆستانی دهغهڵباز و ناڕاست جیا بكرێنه‌وه.
" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" پشتی به هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك له سیاسه‌ته‌كان و كرده‌وه‌ی هه‌تا ئێستای ئه‌و ڕێكخراوه، هه‌ر له قۆناغی پێكهاتنیه‌وه تا كاتی جیابوونه‌وه و به ئێستاشیانه‌وه نه‌به‌ستووه. مۆهته‌دی هه‌ر له هه‌مان پاڕاگرافی یه‌كه‌می نووسراوهكهیهوه وێڕای پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و وه‌همه خۆخهڵهتێنهرانهی كه گوایا كۆمه‌ڵه‌ی له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران جیاكردووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌خت ده‌كاته‌وه كه " هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ، ئه‌ویش هه‌بوونی پره‌نسیپ و مه‌نتیقی فكریی و سیاسیی ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه هاوڕان". بێگومان ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه ڕیشه‌ی له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌م كه‌سانه له بنه‌ما فكری و سیاسی و سوننه‌ته شۆڕشگێڕانهكانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و هه‌ڵبه‌ت له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ڕه‌وتانه‌دا بوو كه له ئاستی جیهان، ناوچه‌كه و ئێران‌دا له‌ئارادا بوون. به‌ڵام ئه‌م ئیددیعایه‌ی كه گوایا عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی له كاتی ئه‌م جیابوونه‌وه‌دا پڕهنسیپاڵ جووڵاوه‌ته‌وه، ته‌واو ناڕاسته. په‌روه‌نده‌ی ڕێكخستنی جیابوونه‌وه و بێ پڕهنسیپییه سیاسیی و تهشكیلاتییهكانی عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی له‌م پڕۆسه‌دا و گرهوكێشییهكانی له كۆمه‌ڵه، له سه‌روبه‌ندی جیابوونه‌وه، وه‌ك سكانداڵ و رسواییه‌كی سیاسیی له مێژووی چالاكییه‌كانی ئه‌ودا تۆمار كراون و له ئارشیودا ڕاگیراون.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، كۆی سیاسه‌ته كه‌لان و درێژماوه‌كانی نووسه‌ری " له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" له‌ماوه‌ی شازده ساڵی ڕابردوودا، به‌زیانی به‌رژه‌وه‌ند و مه‌سڵه‌حه‌تی خه‌باتی هه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵكی سته‌مدیتووی كوردستان بوون. هیوابه‌ستن به كرانه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دووی خوردادییه‌كان و ڕه‌وتی ناسراو به ئیسلاحخوازانی حكومه‌تیی و خزمه‌تكردن به پێكهاتنی وههم و خۆشباوه‌ڕیی له هاتنه‌دی به‌شێك له خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سایه‌ی سهركۆمارێتی خاته‌می، موزاكهراتی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و شاراوه له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌ته‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی، له حاڵێكدا كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ئاشكرا ئه‌مه‌ی وه‌ك ئامرازێك بۆ په‌ره‌پێدانی حاڵه‌تی چاوه‌ڕوان مانه‌وه له نێو خه‌ڵك و دووبه‌ره‌كی نانه‌وه له نێو هێز و ڕه‌وته سیاسییه‌كان به‌كار ده‌هێنا، ڕۆژبژاردن بۆ هێرشی ئا‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی كاره‌ساتبار و خوێناویی عێراق له ئێران و هیوابه‌ستن و دڵخۆش كردن به پشتیوانییه‌كانی ئا‌مریكا، هه‌ڵسوكه‌وت و هاوكاریی له‌گه‌ڵ سه‌ڵته‌نه‌ت خوازانی شۆڤێنیست كه به حوكمی مه‌نتیقی شۆڕش، له مه‌یدان و گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران‌دا گسك دراون، هاوكاریی له‌گه‌ڵ مۆحسێنی سازگاراكان، هاوپه‌یمانێتیی سیاسیی له‌گه‌ڵ ئیستحالهچییهكانی حیزبی تووده و ئه‌كسه‌رییه‌ت، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه بۆ مانگرتنی گشتیی ١٦ی گه‌لاوێژ له كوردستان، ئه‌نجامدانی ئۆپڕاسیۆنی ئازارده‌رانه و داڕشتنی داماوانه‌ی پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر بنكه و باره‌گا ناوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵه كه له‌به‌ر دژایه‌تیی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه له سه‌ر ده‌ستی مۆهته‌دی بای كرد، ئه‌مانه ته‌نها به‌شێك له كارنامه‌ی سیاسی عه‌بدوڵڵا مۆهتهدین له ماوه‌ی شازده ساڵه‌ی ڕابردوودا. نووسه‌ری " له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"، به‌م كارنامه سیاسییه و به‌و هاوپه‌یمانانه‌ی كه له ئاستی سه‌رتاسه‌ریی بژارده‌ی كردوون، نه‌ك هه‌ر پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی ئێران پچڕاندووه و له‌نێویاندا ئیتر جێگه‌یه‌كی نه‌ماوه، به‌ڵكوو به‌كرده‌وه چووه‌ته‌پاڵ ڕاست ترین به‌شی ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئێرانیشه‌وه.
ئه‌گه‌ر عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی نه‌یتوانی به‌م سیاسه‌تانه خه‌ڵكی كوردستان به‌لاڕێدا ببات، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره ساكاره بوو كه كۆمه‌ڵه لێبڕاوانه جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی لێ له‌قاودا و خه‌ڵكی كوردستانیش هیچكات ڕه‌وتی جیابۆوهیان وه‌ك كۆمه‌ڵه وه‌رنه‌گرت. ئه‌م ڕه‌وته جێگه و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه هه‌تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه بتوانێ بزووتنه‌وه‌ی كوردستان به‌لاڕێدا ببات یاخود ئه‌وه‌یكه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا جووڵانه‌وه‌یه‌ك ڕێك بخات. ڕێكخراوه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی له دوای جیابوونه‌وه و به هۆی گه‌یشتنه بنبه‌ستی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی كه لێی قه‌وما، جگه له هه‌ندێك كادر كه ژماره‌یان له قامكه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕ نابێت، هه‌موو كادره به پێشینه‌كانی خۆی به هۆی ڕه‌خنه‌ی چڵ و نیوه چڵی ڕووكهشیانه له‌م سیاسه‌ته ڕاستڕۆیانانه، ده‌ركرد.
به‌ره‌ی لایه‌نگران و دۆستانی كۆمه‌ڵه‌ش له ئاست مۆهته‌دی و حیزبه‌كه‌یدا سه‌ر و دڵخۆش نین و هه‌ر به هۆی ئه‌م سیاسه‌ت و كرده‌وانه‌ی كه گرتوویه‌ته‌به‌ر، له نێو ئه‌م به‌ره‌یه‌شدا گۆشه‌گیر بووه.
ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ر له هه‌مان هه‌نگاوی یه‌كه‌میه‌وه تووشی شكست هات. عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی به‌ر داڕشتنی پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر بنكه و باره‌گا ناوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵه ده‌بێ نه‌ك هه‌ر له كۆمه‌ڵه، به‌ڵكوو له خه‌ڵكی كوردستان و له به‌ره‌ی دۆستانی كۆمه‌ڵه‌ش داوای لێبووردن بكات.
نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" به‌م پێشینه‌وه ، نه‌ك هه‌ر له چوارچێوه‌ی چه‌پدا جێی نابێته‌وه و ناشتوانێت ببێته داهێنه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ری كۆكردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی كۆمه‌ڵه له ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمه هاوبه‌شه‌كه‌یدا، به‌ڵكوو چه‌نده‌هاجار پێشمه‌رجه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ هاوكاریی حیزب و ڕه‌وته سیاسییه‌كان له كوردستانیشی ناوه‌ته ژێرپێ.
سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه بۆ هاوكاریی له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسییه‌كان له كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ست به چالاكیكردنیهوه ڕوون بووه و له كۆنگره‌ی ١٥ی كۆمه‌ڵه‌شدا بۆ جارێكی دیكه و به شێوه‌یه‌كی دیاریكراو و كۆنكرێت نووسراونه‌ته‌وه و خراونه‌ته به‌ر چاوی خه‌ڵك و ڕای گشتیی و هه‌موو حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانیشه‌وه.
ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران به هۆی ناوه‌ڕۆكی سیاسه‌تی ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ی كه له ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا هه‌ڵیبژاردوون، به هۆی هیوابه‌ستن به ده‌ستێوه‌ردانی زلهێزه ئهمپڕیالیستهكان، ڕازیبوون به موزاكهراتی شاراوه له‌گه‌ڵ مۆره‌كانی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی، دڵ به‌ستن به ڕه‌وتی ناسراو به ئیسلاحخوازانی حكومه‌تیی، ته‌نانه‌ت خاوه‌نی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش نییه له چوارچێوه‌ی هاوكاریی حیزب و ڕه‌وته سیاسییه‌كانی كوردستانیشدا، جێی بێته‌وه.
ڕێكخراوه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵای مۆهته‌دی هه‌ر له‌م شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌ی گه‌ڕی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیشدا، له وه‌همی ئه‌وه دا بوو به‌شكوو بتوانێت ئه‌م گاڵته‌جاڕه بكاته سه‌كۆیه‌ك بۆ گه‌ڵاڵه كردنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان. نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"، هاوكاریی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه و به‌ره‌ی كۆمه‌ڵه‌كان به ڕێگه خۆشكه‌ری پێكهاتنی بههری كوردستانی ده‌زانێت و پێكهاتنی به‌ره‌ی كوردستانیشی بۆ ساتوسه‌ودا له‌گه‌ڵ ئا‌مریكا و باقی زلهێزه ئه‌مپریالیسته‌كان ده‌وێت. عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی له دوایین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردستان ٢٤یشدا وێڕای ئه‌وه كه له‌شكركێشییه‌كه‌ی ئا‌مریكا بۆ سه‌ر عێراق وه‌كوو هه‌لێك بۆ كورده‌كان ده‌داته قه‌ڵه‌م، وێڕای سووكه ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌و حیزبانه‌ی كه به هۆی جێگه و شوێنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستانه‌وه خۆیان سه‌ركۆنه ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت: " وه‌رن با ده‌ست بده‌ینه ده‌ستی یه‌كتر، دیپلۆماسی گه‌لی كورد هێشتا له ئاستی جیهاندا كه‌متر ناسراوه، مافی خۆمان نه‌دراوه‌تێ، به‌سه‌دان جار ئه‌م پێشنیاره‌م گه‌ڵاڵه كرد، هیوادارم ئه‌مجاره‌یان گه‌شه بكات و سه‌ر بگرێت، وه‌رن با دیپڵۆماسییهكی هاوبه‌شی كوردیمان هه‌بێت، بۆچی پێكه‌وه ناچین بۆ كۆنگره و سێنای ئا‌مریكا، بۆچی هه‌موومان ناچین بۆ په‌رله‌مانی ئۆرووپا و .... ". عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی چوونه ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه و به‌ره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی بۆ بردنه پێشی ئه‌م پڕۆژانه‌ی گه‌ره‌كه. به‌ڵام كۆمه‌ڵه سه‌رباری عهمهلكردی ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران و لایه‌نی جیابۆوه لێیان، سه‌ره‌ڕای كه‌ڵك وه‌رگرتنی ناڕه‌وای ههرتكی ئه‌م دوو ڕێكخراوه‌یه له ناوی كۆمه‌ڵه، له‌و كاتانه‌دا كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان خواستوویه‌تی، بۆ وێنه له قۆناغێكدا كه پڕۆژه‌ی ئاماده‌كاریی بۆ پێكهاتنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و یان ته‌وه‌ره‌ی هاوكاریی حیزب و ڕه‌وته سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ ته‌حریمی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆڕای ئیسلامیی له ئارادا بوو، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌رتك باڵی حیزبی دێمۆكڕات، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش دانیشتن و گفتوگۆی هه‌بووه.
نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"، له‌و كاته‌شدا كه باس له بواره‌كانی هاوكاریی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه ده‌كات، وێڕای ئه‌وه كه شعووری سیاسیی به‌رامبه‌ره‌كانی به كه‌م ده‌گرێت، لیستێك له بواره‌كانی هاوكاریی و داخوازییه‌كان، له‌وانه: " تێكۆشان به دژی نیزامی كۆنه‌په‌ره‌ست و سه‌ركوتكاری كۆماری ئیسلامیی و هه‌ڵپێچانی ئه‌م ڕژیمه له كوردستان، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد و پته‌وكردن و به‌هیزكردن و به سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له كوردستان، سێكۆلاریزم و جیایی دین له ده‌وڵه‌ت، دێمۆكڕاسیی له ناوخۆی كوردستان و مافه سیاسیی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئازادیی را ده‌ربڕین ، ئازادیی یه‌كیه‌تی و سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان و ڕێكخراوه مه‌ده‌نیی و پیشه‌ییه‌كان، ئازادیی ڕێكخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن و ... ئه‌مانه"، له پشت سه‌ری یه‌ك ڕیز ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت زۆرێك له‌م خواست و داخوازییانه‌ی كه له‌و نووسراوه‌یدا هاتوون، هه‌ر ڕێك به‌م فۆرمۆلبهندییانهوه، له به‌رنامه و پلاتفۆڕمی حیزبی تووده، فیداییانی ئه‌كسه‌رییه‌ت و له به‌شی لانیكهمی به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ر له كوردستان و هه‌روه‌تر له به‌رنامه‌ی باقی به‌شه‌كانی ديكهی چه‌پی ئێرانیشدا هاتووه. كه‌واته له یه‌کچوونی چۆنیه‌تیی ئه‌م داخوازییانه هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات. باس له سه‌ر ئه‌وه‌یه كه له كامه ڕێگه و به كامه ستراتێژی سیاسییه‌وه ده‌مانهه‌وێ ئه‌م خواستانه وه‌دی بهێنین و بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به مه‌نزڵگه‌ی سه‌ركه‌وتن بگه‌یێنین. پڕاتیكی شازده ساڵه‌ی نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" پیشان ده‌دات كه ئه‌و له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه دا بۆ به ئیستلاح ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌م داخوازییانه، به سێ كارتی سه‌ره‌كیی گه‌مه‌ی كردووه، یه‌كیان هه‌وڵدان بۆ پێكهاتن له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ناسراو به ئیسلاحخوازانی حكوومه‌تیی و موزاكرهی شاراوه له‌گه‌ڵ مه‌ئموورانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ڕاست ترین به‌شی ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی له ئاستی سه‌رتاسه‌ریی، هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ ڕاكێشانی پشتیوانی و هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا. ئه‌م ستراتێژه سیاسییه و ڕه‌هه‌ند و ئاراسته‌یه‌ك كه نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" بۆ هێنانه‌دی ئه‌م داخوازییانه( با بڵێین بۆ بهشبردن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له كوردستان) گرتوویه‌ته‌به‌ر، زه‌وی هه‌تا ئاسمان له‌گه‌ڵ ستراتێژی سۆسیالیستی كۆمه‌ڵه بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردستان دووره. كۆمه‌ڵه وه‌ك به‌شێك له ڕه‌وتێكی سه‌رتاسه‌ری، ڕێك له خاڵی به‌رامبه‌ری ستراتێژیی ڕێكخراوی زه‌حمه‌تكێشان بۆ هێنانه‌دی ئه‌م داخوازییانه دایه و پشتی به هێزی خه‌بات و تێكۆشانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و ژنانی سته‌مدیتووی كوردستان به‌ستووه كه هێزی بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ن و بۆ یه‌كگرتوویی و هاوپشتی نێوان بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، بزووتنه‌وه‌ی ژنان و باقی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سه‌رتاسه‌ری هه‌وڵ ده‌دات و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و كۆمۆنیستی ئێرانیش به هاوپه‌یمانی سه‌رتاسه‌ری خۆی بۆ هێنانه‌دی ئه‌م خواستانه ده‌زانێت و پشتی به لایه‌نگری و پشتیوانی بیروڕای پێشڕه‌و و ئازادیخوازی ناوچه‌كه و جیهان به‌ستووه. ئینجا به‌و پێیه كه ڕوون بۆوه لێكچوون له فۆرمۆلبه‌ندی داخوازییه‌كان كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات، ئایا نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" ده‌توانێت به خه‌ڵكی كوردستان بڵێت له ستراتێژه سیاسییه‌كه‌ی تا ئێستای دوور كه‌وتووه‌ته‌وه؟ له ڕێگه‌ی خه‌باتی سیاسی‌دا وه‌رسووڕان به‌ره‌و چه‌پ قه‌ده‌غه نییه، به‌ڵام چه‌پ بوون به مانای پابه‌ندبوونه به به‌رژه‌وه‌ندی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش، خۆ ته‌نها به ئیددیعا كردن نییه، به‌ڵكوو به‌ده‌ستهێنانی جێگه و پێگه‌یه‌كی عه‌ینیی و به‌رچاوه و ئه‌مه‌ش ده‌بێ له كرده‌وه‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه.
به‌ڵام بۆچی عه‌بدوڵڵای مۆهته‌دی له درێژه‌ی هه‌ر هه‌مان ستراتێژیی سیاسی‌دا ئه‌مجاریان له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی خاڵی هاوبه‌ش له پلاتفۆڕمی داواكارییه‌كان، ئاڵای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه و چوونه‌ژێر چه‌ترێكی هاوبه‌شی هه‌ڵكردووه؟ ڕه‌نگبێ به‌م كاره‌ی بیهه‌وێت هه‌وڵه‌كانی ئه‌م لقه‌ی دیكه‌ی ڕێكخراوی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، ڕه‌وتی سۆسیالیستیی و كۆمه‌ڵێك له هاوحیزبییهكانی پێشووی خۆی بۆ گردبوونه‌وه له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمی هاوبه‌شی چه‌پ له‌بار به‌رێت و ده‌ستی خۆی له پێكهێنانی چه‌ترێكی هاوبه‌شی چه‌پی كوردستانی وه‌پێش بخات. به‌ڵام كێشه‌كه له‌مه واوه‌تره. ڕێگه‌ی ده‌رخستنی ئه‌م دژ یه‌كییه ئاشكرایهش ته‌نها له میانی وردبوونه‌وه له ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی ناسیۆناڵیسمی كورد و سه‌رلێشێواوی نووسه‌ری "له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" ده‌ر ده‌كه‌وێت. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌رچی داسه‌پاندنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و درێژه‌ی سیاسه‌تی شۆڤێنیستی و سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، هێشتا بوار و مه‌جال و توانای بۆ خۆده‌رخستنی حیزب و ڕه‌وته ناسیۆناڵیستهكان له مه‌یدانی سیاسیی كوردستان هێشتووه‌ته‌وه. به‌ڵام چینی سه‌رمایه‌دار و خاوه‌نانی سه‌روه‌ت له كوردستان و توێژی بۆروكرات و خاوه‌ن بڕشتی به‌جێگه و پێگه له‌ناو تۆڕی ده‌سته و دایره‌ی حكومه‌تیدا، كه پێگه‌ی چینایه‌تی حیزب و ڕه‌وته ناسیۆناڵیستهكان پێكدێنن، به حوكمی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ڕوویانداوه، زه‌خت و گوشاری ئه‌م سته‌مگه‌ریه نه‌ته‌وایه‌تییه له‌سه‌ر خۆیان هه‌ست پێناكه‌ن، هه‌ڵبه‌ت توانای مێژوویی ئه‌م چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ خه‌بات له پێناوی چاره‌سه‌ر و نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیش، زۆر له‌مێژه كۆتایی پێهاتووه. چینی سه‌رمایه‌دار و خاوه‌نانی سه‌روه‌ت له كوردستان كه به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له مانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا ده‌بیننه‌وه، به‌كرده‌وه بوونه‌ته پێگه‌یه‌كی ماددیی بۆ دزه‌كردنی ڕه‌وتی ناسراو به ئیسلاحخوازانی حكومه‌تیی و ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی ئیستحالهچییهكان بۆ ناو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كوردستان. ئه‌م ڕاستیه به‌رچاوانه و ئه‌و گۆڕانكارییه ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی دوایی، پێگه‌ی حیزبه ناسیۆناڵیستهكانی وه‌ها دابه‌زاندووه كه وای لێكردوون تا زیاتر له جاران خۆیان له‌گه‌ڵ مه‌یل و ئاواته‌كانی پێگه‌ی چینایه‌تییاندا بگونجێنن و له جیاتی ئه‌وه‌یكه چاره‌سه‌ری سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیی بكه‌نه ئامانجیان، ته‌نها به وه‌ده‌ستخستنی به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی، ئینجا له هه‌ر ڕێگهیهكیشهوه بێت، ڕه‌زایه‌ت بده‌ن. ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌وڵی ئه‌م حیزب و ڕه‌وتانه بۆ نزیكایهتیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه له ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوایی لایه‌نگری ڕۆژئاوا یاخود ڕه‌وتی ناسراو به ئیسلاحخوازانی حكوومه‌تیی و ئاماده‌بوونیان بۆ ساتوسه‌ودا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و مهسڵهحهتهكانی خه‌ڵكی كوردستان له‌بری ده‌ستخستنی هه‌ندێك پوانی سووكهله، ده‌بێ هه‌ر له‌ناو ئه‌م پلانه ستراتێژیكهیاندا بۆی بگه‌ڕێین. به‌ڵام له لایه‌ك ڕێككه‌وتنه ناوه‌كییه‌كان و بێ هیوا بوونیان له هاوپه‌یمانیی و لایه‌نگریی ئا‌مریكا و له‌ولاشه‌وه، نه‌رمی نه‌نواندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ پێدانی هه‌ر جۆره پوانێك بۆ به‌شداریدانی ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی، تێكڕای ئه‌م هێزانه و یه‌ك له‌وان نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا" شی تووشی سه‌رلێشێواویی كردووه.
له كوردستانی عێراقیش سیستمی فێدڕاڵی له‌سه‌ر بنه‌مای نیزامی په‌رله‌مانی كه وه‌ك ئه‌زموونی دێمۆكڕاسیی باسی لێوه ده‌كرا، دوای دوورخرانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چوار وه‌زیری سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌دواشیدا داخرانی په‌رله‌مان له لایه‌ن پارتی دێمۆكڕاتی كوردستانی عێراق و مامه‌ڵه‌ی سازشكارانه و ساتوسهودابازانهی باقی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌كرده‌وه گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ست. له لایه‌كی دیكه‌وه قه‌یرانی حكومه‌تیی و قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری، لایه‌نه كاره‌ساتباره‌كانی گه‌نده‌ڵیی دارایی و ئیداریی، كاریگه‌ریی زۆر ڕووخێنه‌ری له‌سه‌ر كار و ژیانی كرێكاران و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان داناوه. له وه‌ها بارودۆخێكدا حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌وتوونه‌ته به‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك و زیاتر له جاران متمانه به‌خۆبوونیان له ئاست ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی و ده‌وڵه‌تی توركییهش له‌ده‌ست داوه. ئه‌م ئه‌زموونه‌ش ڕێگه‌چاره‌ی نووسه‌ری" له‌ژێر چه‌تری پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌شدا"ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، هێنده‌ی دیكه بێ ئێعتبار كردووه. ئه‌گه‌ر حیزبه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كان له كوردستانی سوورییه و كوردستانی توركییه هێشتا بڕشت و ئیعتباری خۆیان له‌ناو خه‌ڵكدا پاراستووه، سه‌ره‌ڕای فاكتۆری ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ڕژیمه هاره دیكتاتۆڕهكان، به گشتیی له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌یه كه هه‌تا ڕاده‌یه‌ك له ستراتێژی نه‌ریتی و سیاسه‌تی ناسیۆناڵیستانه دووره‌په‌رێز بوون و جارێ ده‌ست تێدابوونی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له سیاسه‌ت و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگه‌یان به ڕه‌سمییه‌ت ناسیوه.
له ێهكدانهوهیهكی گشتیدا، ئه‌مه ئه‌و ڕه‌وتانه‌ن كه هۆكاره‌كانی سه‌رلێشێواویی عه‌بدوڵڵا مۆهته‌دی و ڕێكخراوه‌كه‌ی ده‌رده‌خات.
پووشپه‌ڕی ١٣٩٥
ژۆئه‌نی ٢٠١٦