فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

با بۆ ئازادی زیندانییانی سیاسی ڕاپەڕین!
دوشەممە ۱۳-۱۰-۱۴۰۰   |  03-01-2022

هەموو نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە ڕژیم بۆ بەگژداچوونەوەی  مانگرتنی کریکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئێراندەستی بۆ دوایین ئامرازی  خۆی، واتە سەرکوت و داپڵۆسین  بردووە. تەنیا ئەوە بەسە چاوێک بەسەر ئەو ڕاپۆرتانەدا بگێڕین کە لەم بابەتەوە بڵاوبوونەتەوە، بۆ ئەوەی ئاستی سەرکوت و داپڵۆسینی ڕژیممان بۆ دەربکەوێت.. بۆ نمونە،مریەمی ئەکبەری مونفەرد، زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی سمنان ڕۆژی هەینی  ١٠یمانگی بەفرانبار سێهەمین ساڵی حوکمەکەی تێپەڕ کرد . ناوبراو لە ڕۆژی ١٠ی مانگی بەفرانباری ١٣٨٨دا دەستبەسەر کراو لە مانگی جۆزەردانی ١٣٨٨دا بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. شایانی باسە کە مریەمی مونفەرید دایکی سێ منداڵە. ناوبراوتا ئێستایش لە مافی ئازادی بە مەرج بێبەش کراوەو  تەنانەتڕۆژێکیش مەرەخەسی پێنەدراوە. 

 بەپێی راپۆڕتێکی تر، رۆژی چوارشەممە ٨ی مانگی بەفرانبار کۆبوونەوەی دادگایی کردنی”هیراد پیەربەداقی” هەڵسووڕاوی کرێکاری لەلقی ٢٦ی بێدادگای بەناو ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو. شایانی باسە هیراد پیربەداقی لەگەڵ عەسەل محومەدی لەرۆژی ١٥ی مانگی خاکەلێوەدا دەستبەسەرکرابوون و رۆی سێی مانگی بەفرانبەر لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی عمومی زیندانی ئێوین گوازرایەوە. دەوترێت کە هیراد پیەربەداقی لەرێکەوتنی ١٥ی خاکەلێوەدا لەگەڵ عەسەل موحەمەد درانە بەر لێدان و بێ حورمەتی و دەستبەسەر کران. هەروەها ماڵەکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رژیمەوە پشکێنراوە. 

هەروەها لەرۆژی شەشی مانگی بەفەرانبەردا، “عەباسی واحیدیانی شاهرودی”، نوسەر، مامۆستاو زیندانی سیاسی لەلایەن لقی ٣یی بێ دادگای بەناو ئینقلابی رژیم لەمەشهەد بەتۆمەتی کردەوە لەدژی ئاسایشتی ووڵات ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ناوبراو لەئێستادا لەژوورێکی تاکەکەسی گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەشهەددا بەسەر دەبات. 

هەروەها سێ هەفتەیە هێشتا هیچ هەواڵێک لەسەر کەژاڵ نەسری، هاووڕاتییەکی خەڵکی شاری سنە لەبەردەستدا نییەو بێ سەرو شوێنە. لەوکاتەوە کە کەژاڵ نەسری دەستبەسەرکراوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی نەبووە. تەنانەت لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگرتنی هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە. 

هەروەها بڕیاری دەستبەسەرکردنی چوار هاووڵاتی شاری سنە بەناوەکەی ئارشی مەنبەری، زانیار مەنبەری، سەیوان مەنبەری و میلاد مەنبەری بۆ دووهەمین جار نوێکراوەتەوە. لەرێکەوتنی ٢٣ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵی ناوبراوان و لەدوای لێدان و بێ حورمەتی دەستبەسەرکراون و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی ئەو شارە گواستراونەتەوە. 

بەپێی راپۆڕتی هەواڵنێری هێرانا، وەحیدی بەنی عامریان و پویا قوبادی، دوو زیندانی سیاسی لەرۆژی دەی مانگی بەفرانباردا بە ١٠ ساڵ زیندان و “تەبعید” یا خود دوورخرانەوە لەشوێنی ژیانیان مەحکوم کراون. شایانی باسە کە ناوبراوان لەئێستادا لەزیندانی ئەوین و زیندانی “تهران بزرگ” بەسەر دەبەن. 

حسەین ئەلوەند کوهی، خەڵکی مهاباد لەلایەن دادگای ئەو شارەوە ١٠ ساڵ و یەک رۆژ زیندانی بەسەرداسەپاوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم حوکمە لەرۆژی چوارشەممە هەشتی مانگی بەفرانبەردا پێی راگەیەندراوە. شایانی باسە کە هەر لەم پەروەندەسازییەدا، شێرکۆ ئاگووشی، خەڵکی پیرانشار و زیندانی سیاسی پێشوو بە دەساڵ زیندان مەحکوم کراون.

دەوترێت کە بەمدواییانە ناوەندی پێداچوونەوەی ئیتلاعاتی پارێزگای تاران لەرێگەی تەلەفونەوە ئەمیری ئەمیرقولی، موحەمەد ئێران نەژاد، مازیار سەیدنژاد و نگین ئارامش، هەڵسووڕاوی کرێکاری و مەدەنی خەڵکی تاران بانگهێشت کردووە. 

هەروەها شووڕای هاوئاهەنگی رێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران هەواڵی بەکردەوەدەرهێنانی حوکمی ئەبولفەزلی رەحیمی شاد، یەکێک لەهەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لەئێرانی بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر لەلایەن دادگای بەدەوی رژیمەوە ١٥ مانگ زیندانی تەعلیقی و جەریمەی بەسەرداسەپابوو. هەروەها هەڕەشەی لێ کرابوو کە بۆی نییە لەتۆڕە کومەڵایەتییەکاندا چالاک بێت. پەیامی شەکیبا، زیندانی سیاسی پێشوو لەرۆژی ٦ی مانگی بەفرانبەری ئەمساڵدا بۆ بەکردەوەدەرهاتنی حوکمی زیندانەکەی بانگهێشت کراوە. ناوبراو پشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای بەناو ئینقلابی تارانەوە ١٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو. هەروەها بۆ ماوەی ٢ ساڵ لەسەفەر بۆ دەرەوەی ووڵات بێ بەشکراوەو بۆ ماوەی دوو ساڵیش لەئەندامبوون لەهەر چەشنە کۆڕ و کۆمەڵێک بێ بەش کراوە.

ئەو نموونانەی بەکورتی هێنامانەوە تەنیا چەند نمونەیەک لەسیاسەتی گرتن و زیندانی کردنی هەڵسووڕاوانی سیاسی و کرێکاری لەم چەند رۆژەی رابردوودا بووە. بێگومان پێویستە ناوی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، سێ کەس لەئەندامانی هەیئەت دەبیرانی کانوونی نووسەرانی ئێران، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنان و ژینگەپارێزان و سەدان زیندانی سیاسی بەم لیستە زیاد بکەین کە لەزیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەردەبەن. بەمشێوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە بۆچی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەتاوانبارانی سەرەکی کوشتنی زیندانیە سیاسییەکان لەدەیەی شەستی هەتاوی وەکوو سەرۆکی هێزی بەڕێوەبەری خۆی داناوە. دانانی رەئیسی تاوانبار لەلایەن دام و دەزگای رێبەڕی کۆماری ئیسلامی ئەو پەیامەی رژیمی پێ بوو: “کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بەپەرەپێدان بەسەرکوت کۆمەڵگا بتۆقێنێ. 

بەڵام نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە ستراتێژی سەرکوت و داپڵۆسینی رژیم تا ئەمڕۆکە لەگەڵ مانگرتنی شکۆداری کرێکاران، ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، ئاخێزی جەماوەری لەخوزستان، ئیسفەهان و خەباتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی تر لەگۆشەوکەناری ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم ناڕەزایەتی، مانگرتن و ئاخێزە جەماوەریانەوە، ئەم خۆڕاگری و بەرخۆدانە، نیشانەی شکستی ستراتێژی سەرکوت و داپڵۆسینی رژیەمە. ئەو خۆڕاگرییە ئەو راستییەمان پێ دەڵێت کە چەقۆی سەروتی رژیم کول بووەو کارکردی خۆی لەدەستداوە. هەژاری و کێشەی ئابووری بەجێگایەک گەشتیووە کە چیتر تەحەمول ناکرێت< کرێکاران و جەماوەری ئازارچێشتووی ئێران ئیتر نایانەوێ وەکوو پێشوو بژین و بەتاڵان بڕۆن. رەوتی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆکە پێمان نیشان دەدات کە کۆمەڵگای ئێران هەنگاوی گەورە بەرەو بارودۆخی شۆڕشگێڕانە هەڵدەگرێت. ئەو رۆژە دوور نییە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری دەرگای زیندانەکان تێکبشکێنێ و زیندانییە سیاسییەکان بۆ ئامێزی جەماوەری راپەڕیو و بنەماڵەی ئازیزیان بگەڕێنەوە.

کرێکاران، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!

با بۆ ئازادی زیندانییە سیاسییەکان راپەڕین. کەس نابێت بەبۆنەی دەربڕینی بیروباوەڕ یان هەڵسووڕانی سیاسییەوە سەر لەزیندان دەربێنێت. ئازادی بیروڕاو ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. با وەکو هەموو مرۆڤێکی شیاوی ئازادی و یەکسانی، خۆڕاگر و بەردەوام بۆ بەرگریکردن لەمافەکانیان راپەڕین! پێویستە بەرانبەر بەدەستدرێژی دام و دەزگای پۆلیس و باندو مافیای سوپای جەنایەتکاری ئیسلامی لەئێران رابووەستین و دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان لەدژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێران بەرز بکەینەوە. با شێلگیرانە شوێنی چارەنووسی زیندانیانی سیاسی بگرین و داواکاری ئازادی بێ شەرت و مەرجیان بێنینەگۆڕێ.

با بەرانبەر بەدۆخی زیندانەکان ناڕەزایەتی دەرببڕین! با لەبەرانبەر یاساو ریسا بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵادارانی کۆماری ئیسلامییەوە ملکەچ نەکەین. با پێکەوەو بەکۆمەڵ سەردانی زیندانییە سیاسییەکان بکەین و سەنگی سەبووری بنەماڵەکانیان بین. با لەبەرانبەر زیندانەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی رێکبخەین و ریزی بنەماڵەکانیان بکەین بەریزی ناڕەزایەتی جەماوەری و پشتی قایمی بنەماڵەکانیان بن. با بەدەنگی بەرز داواکاری ئازادی زیندانییە سیاسییەکان بەرز بکەینەوە. پێویستە لەهەر گۆشەو کەنارێک، لەهەر کارگەو کارخانەیەک، لەهەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی درووشمی “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ!” بەرز بکەینەوە. با لەکۆبوونەوەو ناڕەزایەتییەکانی خۆماندا خواستی ئازادی زیندانییە سیاسییەکان بێنینەگۆڕێ و شێلگیرانە خەباتی بۆ بکەین.