دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ی مەی ٢٠٢٣ لە تورکیا کە تێیدا سێ هاوپەیمانی سەرەکی “جمهور”، “میللەت” و “کار و ئازادی” بۆ گرتنەوەی ٦٠٠ کورسیی پارلەمان کەوتنە ڕەقابەتەوە، کێبەرکێی هەڵبژاردن بە بێ براوە لە نێوان ڕەجەب تیب ئەردۆغان و فلیچ داراوغڵو لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری، چووە قۆناغی دووهەمەوە. بەپێچەوانەی پێشبینیی زۆربەی ناوەندەکانی ڕاپرسی لە قۆناغی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەدا، هاوپەیمانی “جمهور” و ئەردۆغان وەپێش هاوپەیمانیی “میللەت” و فلیچ داراوغلو کەوتەوە. هاوپەیمانیی جمهور پێکهاتوو لە حیزبی داد و گەشە و ئەحزابی میللیگەرا و مەزهەبی ڕاستی توندڕەو، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا. هەروەها بەپێی ئامارەکانی هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی تورکیا، لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانی جمهور ٤٩.٥%ی و کەماڵ قلیچ داراغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت ٤٤.٩% دەنگەکانیان بەدەستهێنا. هاوپەیمانی شەش لایەنی “میللەت” کە نەیتوانیبوو کۆتایی بە دوو دەیە سوڵتەی حیزبی داد و گەشە و سەرەڕۆیی ئەردۆغان و پێکهاتە سیاسییەکەی تورکیا بێنێت، بۆ دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکان کە قەرارە لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی مەیدا بەڕێوەبچێت خۆی ئامادە دەکات.
لەو جێگەوە کە فەلسەفەی هاوپەیمانیی “میللەت” کە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە پێکهات، کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرنامەڕێژی بۆ گرتنەوەی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بوو لەپێناو گۆڕینی دەستوور و کۆتایی هێنان بە نیزامی سەرۆکایەتی لەڕێگەی گشتپرسییەوە، ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی مەی بۆ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێبەریی قلیچ داراوغڵو شکست بەحیساب دێت.
لەلایەکی دیکەوە سینان ئوغڵو سیاسەتوانی ڕاستی توندئاژۆ کە لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بە بەدەستهێنانی ٥%ی دەنگەکان لەم کێبەرکێیە خرایە دەرەوە، ئێستا بە بەرەی حامیانی ئەردۆغان پەیوەست بووە. ئەو و هاوپەیمانییەکەی بە ڕاگەیاندنی چەند پێشمەرج لەوانە بەرەنگاربوونەوەی زیاتر بەرانبەر بە گرووپەکانی وەک پەکەکە و ڕەوتی فەتحوڵڵا گولێن، دەرکردنی پەنابەران لە کاتێکی دیاریکراو، بەشداری نەدانی ئەحزابی کوردی لە دەوڵەتی داهاتوو، پێبەندبوون بە بنەماکانی پانتورکیسم لە یاسای بنەڕەتیی تورکیا، لەگەڵ ئەردۆغان بەڕێکەوتن گەیشتن.
ئەگەرچی لەڕووی ناوەرۆکەوە بەرنامەی سیاسیی کەماڵ قلیچ داراغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت و ئەردۆغان هیچ جیاوازییەکی نییە و هەر دوو لا هاوپەیمانیی باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیی تورکیان و سیاسەتی تەواوەن کۆنەپەرستانە نوێنەرایەتی دەکەن، بەڵام ئەگەری سێناریۆیەکی سیاسی کە تێیدا فلیچ دراوغڵو لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی مەیدا سەرکەوێ، کەمترە.
بەدوای ئەم ڕووداوانەدا ئێستا فلیچ داراوغڵو بەربژێری هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەشێوەی توندڕەوانە ڕووی کردووتە کایەکردن لە مەیدانی تەبلیغاتی ئەرۆدۆغاندا. فلیچ داراوغڵو هەر ئەو دروشمانە دووپات دەکاتەوە کە لانیکەم لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا تایبەتمەندیی فاشیزمی ئەردۆغان بووە. ئەو تەنها چوار ڕۆژ دوای قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە کەمپەینی تەبلیغاتیی خۆیدا ڕایگەیاند: “لە یەکەمین ساتی هاتنە سەر کارمدا هەموو پەنابەران دەردەکەم”. قلیچ داراوغڵو کە تا بەرلە هەڵبژاردنەکان بەخاتری بەدەستهێنانی دەنگ باسی لە نریکی و هاوکاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان و حیزبی سەوز دەکرد، لەئێستادا پێداگرانە ڕایدەگەیەنێت کە لەگەڵ “تیرۆریستەکان” هاوکار نییە و لە داهاتووشدا نابێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەگەر لە ئێران دیفاع لە یەکپارچەیی وڵات لەلایەن ناسیۆنالیستی پاوانخوازی ئێرانیەوە بووەتە ناوی ڕەمزی سەرکوتی خەڵکی کوردستان. لە تورکیاش بەرەنگاربوونەوە دژبە تیرۆریزم ناوی ڕەمزی سەرکوتی کوردەکانە. قلیچ داراوغڵو بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی لایەنگرانی سینان ئوغان دەیهەوێ نیشانی بدات کە لە بەرابەر ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ئەردۆغاندا کەمی نەهێناوە.
بەڵام بۆچی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەرانبەر بە ڕەقیبێکی فاشیست و گەندەڵی وەک ئەردۆغان بەم جۆرە کەوتوونەتە پێگەی دیفاعییەوە؟ بۆچی ئەردۆغان سەرەڕای قەیرانی قووڵی ئابووری و هەڵاوسانی بەرین، دابەزینی بەهای لیر، پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، چوونەسەرەوەی ئاستی نابەرابەری و قووڵبوونەوەی بۆشایی چینایەتی، شکستی سیاسەتی دەرەوە، هاوپەمانی لەگەڵ ڕەوتە ڕاست و توندئاژۆکان، پەرەسەندنی گەندەڵی لە پێکهاتەی دەسەڵات، ناکارامەیی بەرانبەر بە قەیرانی بوومەلەرزە و کارنامەی پڕ لە شکستی سێ ساڵی ڕابردوو توانیویەتی پشتیوانیی نیوەی دەنگدەران بەرەوخۆی بێنێت؟ واقعیەت ئەوەیە کە ئەردۆغان لەڕێگەی گەندەڵیی جێکەوتوو لەناو پێکهاتەی حکوومەت توانیویەتی بەشێک لە سەرچاوەی ماڵیی دەوڵەت و هەروەها حیزبی داد و گەشە لەڕێگەی تۆڕی مزگەوتەکان و ناوەندە مەزهەبییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بەشێکی زۆر لە دەنگدەران هەزینە بکات و توانیویەتی دەنگدەرانی لایەنگری خۆی تا ئاستێک بەرانبەر بە کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری بپارێزێت. لەلایەکی ترەوە ئەردۆغان کۆنتڕۆڵی میدیاکانی دەوڵەتی بەدەستەوەیە و لەڕێگەی تەبلیغاتی درۆیینەوە توانیویەتی وێنەی کەسایەتییەکی بەهێز نیشانی بیروڕای گشتی بدات کە گۆیا سەبارەت بە نفوزی کلتووری غەرب لە خەمی چینی مامناوەند و پارێزکاری تورکیا دەگات. ئەردۆغان بە تێکەڵێک لە سیاسەتی پۆپۆلیستی و تەلفیقی ترس و نیگەرانی و نۆستالۆژیی غەزەمەتی لەدەستچووی ئیمپراتووریی عوسمانی توانیویەتی بەسەر ڕەقیبێکدا سەرکەوێ کە هیچی بۆ وتن نییە. بەشداریی زۆری دەنگدەران نیشانەی ئەوەیە کە تەبلیغاتی کەمپی ئەردۆغان توانیویەتی هەستی دواکەوتوویی ئیسلامی و پیاوسالاری و دژەژنبوون و ناسیۆنالیستی ڕاستی توندڕەو هەڵخڕێنێت.
شکستی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەڕێبەریی قلیچ داراوغڵو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بۆ ئەو دەسەتەیە لە دەنگەدەران کە لایان وابوو لەڕێگەی دیموکراسیی بورژوازی و سندووقی دەنگدان و بە کەڵک وەرگرتن لە جەداڵ و کێشمەکێشی دوو باڵی بورژوازی دەتوانن پاشەکشە بە حکوومەتی فاشیستیی ئەردۆغان بکەن شەپۆلێکی لە بێهیوایی لێدەکەوێتەوە. بەڵام هەر ئەم ئەزموونە دەتوانێ بۆ چینی کرێکاری تورکیا و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە هەڵگری ئەو دەرسە بێت کە پشتیوانی لە دیموکراسیی بورژوایی و چوونەپشت سەری باڵێکی بورژوازیی لائیک و سێکۆلار ناتوانێ دەستی ڕەوتی فاشیستی مەزهەبی لە چارەنووسی کۆمەڵگا کورت بکاتەوە. ئەم ئەزموونە بۆ چینی کرێکار و چالاکانی کۆمەڵایەتی لە ئێرانیش هەڵگری ئەو دەرسەیە کە هیواداربوون بە کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلار ناتوانێ کۆتایی بە فاشیزمی مەزهەبی و هەژاری و فەلاکەت و ئاکامەکانی بێنێت. چینی کرێکاری تورکیا تەنیا بە ڕێکخراو بوون لە ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتی و حیزبی کۆمۆنیستیی خۆی و بە ڕاکێشانی پشتیوانیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانێ بەرەنگاری هێرشی دەوڵەتە بورژواکان بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بێت.
پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان لە سەرلێشێواوییەکی ستراتێژیکدا و بەو خەیاڵەی کە گۆیا بە سەرکەوتنی پارتی کۆماری گەل و قلیچ داراوغڵو لەم هەڵبژاردنانە خەڵکی کوردستان بە بەشێک لە داخوازییەکانیان دەگەن و پرسی کورد بەشێوەی ئاشتییانە چارەسەر دەبێت، داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە لە فلیچ داراوغڵو پشتیوانی بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مێژووی تاوان و جەنایاتی پارتی دیموکراتی گەلی تورکیا، ئەم میراسەی ئاتاتورک، کە ئێستا قلیچ داراوغڵو ڕێبەریەتی، دژبە کورد و عەلەوییەکان لە کەس شاراوە نییە. خەڵکی کوردستانی تورکیا نەک بە پشتیوانی لە قلیچ داراوغڵو لەم هەڵبژاردنانەدا، بەڵکوو بە یەکگرتوویی و بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی چینی کرێکار و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی سەرانسەریدا دەتوانن پێشڕەوی خەبات لەدژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان زەمانەت بکەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە